نوچە
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دوای ئەوەی کۆنگرەی شەشەمی خۆی بەست، داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزی لەنێوان هەموو حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
کۆنگرەی شەشەمی پژاک لە رۆژانی 10 و 11 مانگی ئاداری 2020 لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام لەبەر رەوشی ئەمنی و دۆخی ناوچەکە درەنگتر ئەنجامەکانیان راگەیاندووە.
پژاک ئاماژەی بەوە دەکات، کە لەم کۆنگرەیەدا چۆنییەتی خەباتی هەموو دامودەزگاکانیان پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و بەپێی پێداویستییەکانی تێکۆشانی داهاتوو رێکخراونەتەوە.
پژاک لەم کۆنگرەیەدا داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزی لەنێوان هەموو حیزبە سیاسییەکان و چین و توێژەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و دەڵێت ”بۆ بەدیهێنانی بەستێنی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لەنێوان هەموو لایەنەکان هەوڵی بێوچان دەدات”.
پژاک لە راگەیێندراوی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی شەشەمیشدا جەختی کردووەتەوە، پرۆژەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، واتە کۆنفدراڵیزمی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک، دەکاتە بنەمای تێکۆشانی خۆی.
کۆنگرەی پژاک بۆ دووەمین خولی لەدوای یەک سیامەند موعینی و زیلان ڤەژینی وەک هاوسەرۆکەکانی پژاک هەڵبژاردووەتەوە.
دامەزراندنی پژاک دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 4ی نیسانی ساڵی 2003،کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی لە دایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەر لەسەر بنەما هزرییەکانی ئەو دامەزراوە.