نوچە
سەرۆكایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆوە داوایەك لە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەكات و دەشڵێت “هەقە حكومەت و دەزگا تەندروستییەكان رێنمایی توند بڵاوبكەنەوە و چاودێریی تەندروستی بكەن باشترە لە بژاردەی قەدەغەی هاتوچۆ”.
میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان سەرۆكایەتی یەكێتی پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانییەوە كردووە، كە پێویستە هاوسەنگی بكرێت لە نێوان رێكارە تەندروستییەكانی پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و گوزەرانیان، چونكە بەكردەوە دەركەوتووە شێوازی توندی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و پەكخستنی بازاڕ و كەسابەت چارەسەرێكی گونجاو نییە، لەجیاتی ئەوە هەقە حكومەت و دەزگا تەندروستییەكان رێنمایی توند بڵاوبكەنەوە و چاودێری تەندروستی بكەن باشترە لە بژاردەی قەدەغەی هاتوچۆ.
هەر بەپێی زانیارییەكانی میدیای فەرمی یەكێتی، سەرۆكایەتی یەكێتی دەزگا ئەمنییەكانی راسپاردووە، كە هەڵسوكەوتیان بەرامبەر ناڕەزایی هاوڵاتیان، كە بەدوای كاسبی و گوزەرانی خۆیانەوەن، نەرم بێت و رەچاوی باری دەروونی خەڵك بكەن.