نوچە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگەیاندنی شەش رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، “لەپێناوی پاراستنی سەلامەتی هەموومانە”.
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسیویەتی “شەش رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. ئەوەش بۆ پاراستنی خۆمانە لەکاتێکدا توشبووانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی خێرا بەرزبووەتەوە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایەک لە هاونیشتمانییان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، گرنگە پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ و رێنماییە تەندروستییەکان بین لە هەموو کاتێکدا.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 1-6-2020 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ”تاوەکو رۆژی 06-06-2020 قەدەخەی هاتووچۆ بەشێوەیەکی تەواو لەنێوان گشت پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و یەکە کارگێڕییەکان و شار و شارۆچکەکانیان راگەیێندرا و هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزادەدرێت”.
ئێوارەی ئەمڕۆش وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، توشبوونی چوار کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دهۆک راگەیاند و بەوەش، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 714 کەس، کە 420 کەسیان چاکبوونەتەوە و حەوت کەسیش گیانیان لەدەستداوە.