نێچیرڤان بارزانی پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی دەکات

0

نوچە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی رایگەیاندووە، “لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە تەبایی، كاری هاوبەش و یەكڕیزی هەیە”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دۆخەی کوردستان رووبەڕووی بووەتەوە دەڵێت “ئێستاش له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان وه‌ك عێراق و ناوچه‌كه‌، رووبه‌ڕووى دۆخێكى هه‌ستيار و ته‌حه‌دياتى گه‌وره بووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ ته‌بايى، كارى هاوبه‌ش و يه‌كڕيزى هه‌يه‌ كه‌ تاکه‌ رێگه‌ى سه‌ركه‌وتن و بنه‌ماى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانه‌‌. له‌ ڕابردوودا هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ ئه‌مڕۆ به رێزه‌وه يادى ده‌كه‌ينه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، سه‌لمێنه‌رى ئه‌و راستييه‌ن.” ‌ 

دەقی پەیامەكەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ یادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

بەڕێزان هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

لە (45)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەكێتی دەكەم، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم. 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەشێكی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانە، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوونە لە دەسكەوتەكان و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا. 

ئێستاش لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان وەك عێراق و ناوچەكە، ڕووبەڕووی دۆخێكی هەستیار و تەحەدیاتی گەوره بووەتەوە، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە تەبایی، كاری هاوبەش و یەكڕیزی هەیە كە تاكە ڕێگەی سەركەوتن و بنەمای هەموو دەسكەوتەكانە‌. لە ڕابردوودا هاوكاری و هەماهەنگیی سەرۆك مام جەلال كە ئەمڕۆ به ‌ڕێزەوه یادی دەكەینەوە، لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.  

بۆ سەقامگیریی سیاسی و یەكهەڵوێستی لەسەر پرسە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان، تێپەڕاندنی سەركەوتووانەی دۆخەكە، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەموو لایەن و پێكهاتەكان لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت، چاوەڕێی هەڵوێستی كوردستانیانەش لە هەمووان دەكەین.

لەم یادەدا دروود بۆ گیانی شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تەواوی شەهیدانی كوردستان، كە گیانیان لەپێناو ئازادیی گەلەكەیاندا بەخشی، سەری ڕێز و نەوازش لە بەردەمیاندا دادەنوێنین و سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان دەنێرین.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/5/2020

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com