قوباد تاڵەبانی: هیچ لایەنێک لەهەڵەکانی رابردوو بێبەری نییە

0

نوچە

قوباد تاڵه‌بانی دەڵێت، سیاسه‌ت له‌سه‌ر كۆنه‌قین ناكرێت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست بونیاد بنێین ده‌بێت دوور بكه‌وینه‌وه‌ له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك كه‌ ناكۆكی ‌و بێ متمانه‌یی دروست بكات. دەشڵێت ”با هیچ كه‌س و لایه‌نێكیشمان پێمان وانه‌بێت كه‌ بێبه‌رین له‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوو”.

قوباد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی 45 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌ی رایگه‌یاندووه‌، با بۆ هه‌مو لایه‌ك روون بێت كه‌ من ته‌نیا برایه‌كم نییه‌، به‌ڵكو دوو برام هه‌یه‌ كه‌ كاك بافڵ ‌و كاك لاهورن، بۆیه‌ با كه‌س هه‌رگیز رۆژێك له‌ رۆژان بیر له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆ ‌و بوختان ناكۆكی له‌ناو ئێمه‌دا دروست بكات.


تاڵه‌بانی راشیگه‌یاندووه‌، به‌ راشكاوی ده‌ڵێم سیاسه‌ت له‌سه‌ر كۆنه‌قین ناكرێت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست بونیاد بنێین ده‌بێت دوور بكه‌وینه‌وه‌ له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك كه‌ ناكۆكی ‌و بێ متمانه‌یی دروست بكات، له‌باره‌ی چاكسازی قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی وتووه‌: “هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كوردستان پێویستی به‌ چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی له‌ حوكمڕانیدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ بتوانین چاكسازی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بێتو متمانه‌ دروست نه‌كه‌ین. چاكسازی به‌ته‌نیا به‌ لایه‌نێك ناكرێت به‌ هه‌موومانه‌وه‌ ده‌كرێت، ئێستاش ئه‌وه‌نده‌ سه‌رمایه‌ی مادی ‌و مرۆیی مه‌زن له‌م وڵاته‌دا هه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت كارێك بكه‌ین له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا بناغه‌ ‌و ژێرخانێكی ئه‌وه‌نده‌ پته‌و دروست بكه‌ین كه‌ به‌دابه‌زینی نرخی نه‌وتیش، هه‌ر بتوانین ژیانێكی شایسته‌ بۆ هاووڵاتییه‌كانمان دابین بكه‌ین.


تاڵه‌بانی جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ متمانه‌یه‌كی ته‌واو له‌نێوان لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌تدا هه‌بێت، با هیچ كه‌س و لایه‌نێكیشمان پێمان وانه‌بێت كه‌ بێبه‌رین له‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوو، به‌تایبه‌ت یه‌كێتی و پارتی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com