فراکسیۆنی پارتی: چاکسازی بەردەوام دەبێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و فراکسیۆنی پارتی پاڵپشتی هەنگاو بەهەنگاوی جێبەجێ کردنی یاساکە دەکات.  

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦-١-٢٠٢٠، لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەنگی ٨٩ پەرلەمانتار، پڕۆژەیاسای چاکسازی بە تێکڕای بڕگە و ماددەکانی پەسەند کرا، ئێستاش، کە یاساکە خەریکە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە هەندێک لایەن و کەسی حزبەکان گلەیی و ناڕەزاییان هەیە.    

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مستەفا هەرکی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە یاسای چاکسازی، ڕایگەیاند: ئەو هێرشە ڕاگەیاندنەی ئێستا لەسەر یاسای چاکسازی دەستیپێکردووە بەمەبەستی وەستاندنی جێبەجێ کردنی یاساکە، نابێتە گرفت لە بەردەم جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی، چونکە یاساکە بە زۆرینەی دەنگی ٨٩ ئەندامی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە و ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی تایبەتمەندی بۆ پێکهێناوە.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی، جەختیشیکردەوە “ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی پاڵپشتی هەنگاو بەهەنگاوی جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەکەین و لە هەر شوێنێک گەندەڵی هەبێت ئاشکرای دەکەین و چاکسازی بەردەوام دەبێت”.                                  

هەرکی ئاماژە بەوەشدەکات، یاسای چاکسازی یاسایەکی شامل و کاملە و جێبەجێ کردنی ١٠٠% لە بەرژەوەندی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و پارەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و حکومەت دەتوانێت مووچەی پێدابین بکات. گوتیشی “ئەوانەی ئێستا هاتوهاواریانە و دەیانەوێت یاساکە پەکبخرێت، ئەوانە وەک حزب زەرەرمەندن لە جێبەجێ کردنی و لە بەرژەوەندیی داراییان دەدرێت”.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com