رابەر بۆچی کوژرا؟

0

نوچە

دوای شەش رۆژ لە ونبوونی، تەرمی رابەر لە رووبارێکی گوندی شۆڕان لە قەڵادزێ دۆزرایەوە.

دوو مانگ لە مەوبەر رابەر تەمەن ٢٧ ساڵ، لە گەڵ کچێکی هەژدە ساڵی دانیشتووی هەمان شار ئەڵقەی دەزگیرانی دەگۆڕنەوە، بەڵام بەر لە هەفتەیەک تەرمی ئەم گەنجە لە رووباری شۆڕان دەدۆزرێتەوە.

بەپێی لێدوانی پۆلیسی قەڵادزێ، دوای لێکۆڵینەوە، دوو کەسیان دەستگیرکردووە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بە بڕیاری دادوەر راگیراون، کە یەکێکیان دەستگیرانەکەیەتی و دانی بە تاوانەکیدا ناوە.

بەپێی گێڕانەوەی کەسانی نزیک لەم خێزانە، ئەو رۆژەی رابەر ون دەبێت، لەگەڵ دەزگیرانەکەی دەڕواتە دەرەوە، دواتر دەزگیرانەکەی بە خێزانەکەی دەڵێت”ئۆتۆمبیلەکەی پەکی کەوتووەو منی بە تاکسی ناردۆتەوە ماڵ” دواتر خێزانی رابەر هەواڵ دەدەنەوە پۆلیس، دوای دۆزینەوەی ئۆتۆمبیلەکەی رابەر دەبینن هیچ کێشەیەکی نییەو کاردەکات، بۆیە گومان لە دەزگیرانەکەی رابەر دروست دەبێت.

خێزانی رابەر دەڵێن”کوڕەکەیان و دەستگیرانەکەی بەڕەزامەندیی خۆیان ئەڵقەیان گۆڕیوەتەوە، هیچ گرفتێکیان نەبووە، بەڵام ئەو رۆژەی چوون بۆ دادگا بۆ تەواوکردنی مامەڵەی هاوسەرگیری، ئیدی رابەر رۆیشت و نەگەڕایەوە”.

دایک و باوکی رابەر هێستا فرمێسکەکانیان وشک نەبۆتەوە، باوکی رابەر بە سەرسوڕمانەوە دەگێڕێتەوە” ئەنجامدانی خوازبێنی و ئەڵقە گۆڕێنەوەکە بە دڵی کوڕ و کچەکە و هەردووخێزان بوو، قەت هەستم بە دوودڵی پەشیمانییەک نەکردووە لای ئەوان، بۆیە تاوانەکە بۆ ئێمە زۆر سەیرە، چونکە ماڵ و خانووم بۆ تەرخان کردبوون بهۆڵی شاییمان ئامادەکردبوو، بڕیاربوو هەفتەیەکی تر بیگوازینەوە”.

لە لێدوانێکدا پۆلیسی قەڵادزێ بە نوچەی راگەیاند” دووکەس بە تۆمەتی کوشتنی رابەر دەستگیرکراون، یەکێکیان دەستگیرانەکەیەتی، لە بەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکەیدا ناوەو دەڵێ “بە بەرد کوشتوومە” لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان بەردەوامە”.

کەسانی نزیک لە خێزانی کچەکە دەڵێن” دوای مامەڵەی دادگا، پیاسەی دەرەوەی شاریان کردووە، لە وێ تاوانە روویداوە، کچەکە دەڵێت، لە هاوسەرگیرییەکە پەشیمان بوومەتەوەو نەمویستووە شوی پێبکەم و بۆیە بە تەنیا کوشتوومە”.

هاوکات خزمێکی نزیکی قوربانییەکە رایوایە” ئێمە باوەڕناکەین ئەم تاوانە بە تەنیا بە کچەکە ئەنجام درابێت، بەڵکو کەسیتر بەشدارن. ئێمە دوای تاوانەکە زۆرشتی ترمان بیستووە بەڵام چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com