نوچە-روداو
ئەندامێکی شانەی قەیرانەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە عێراق کۆرۆنا بەشێوەیەکی مەترسیدار تەشەنە دەکات و رەنگە شانەی قەیرانەکانیش بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لە هەموو عێراق بسەپێنێت.
فارس بریفکانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمان و ئەندامی شانەی قەیرانەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەشەنەکردنی کۆرۆنا لە عێراق ئاسایی نییە، رۆژ بە رۆژ دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، شانەی قەیرانەکان کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 30-5-2020 لە بەغدا کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی چەند رێکارێکی نوێ بگرێتەبەر.
رۆژی هەینی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق تووشبوونی 416 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد کە ئەوەش زۆرترین ژمارەی تووشبووان بوو لە رۆژێکدا تۆمارکرابن لەو وڵاتە. فارس بریفکانی ئەوەشی گوت “رەنگە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لە سەرانسەری عێراق بدرێت، هەروەها سزای قورس بۆ سەرپێچیکارانیش دیاری بکرێت، چونکە تاوەکو ئێستا هیچ پابەندییەک نییە و هاووڵاتیان رێنماییەکان جێبەجێ ناکەن”. دوایین ئامارەکانی تەندروستیی عێراق دەریدەخەن، پێنج هەزار و 873 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، سێ هەزار و 44 کەس چاکبوونەتەوە و 185 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە هەفتەی رابردووشدا عێراق خراپترین هەفتەی بەخۆیەوە بینی لەڕووی تۆمارکردنی تووشبووی نوێی کۆرۆنا، لەو کاتەوەی کە یەکەم تووشبوون تۆمارکرا لە 25ـی شووباتی رابردوو. لە 23ـی ئایار بۆ 29ـی ئایار، لە هەموو شارەکانی عێراق بە هەرێمی کوردسانیشەوە، 1918 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکران، 38 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستدا.
ئەو هەڵکشانەی تووشبووان لە عێراق لە دوای 19ـی نیسانی رابردووەوە روویدا، کاتێک ئەو رێکارە تووندانەی بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆڤید-19 سەپێندرابوون، بەشێکیان هەڵگیران، لەوانە قەدەخەی هاتووچۆ. حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات سەرۆکی شانەی قەیرانی پەرلەمانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رۆژی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: “ئەگەر چارەی خێرا بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق نەدۆزرێتەوە، ئەوا رەنگە کارەساتی تەندروستی لە عێراق رووبدات و هەموو نەخۆشخانەکان هەرەسبێنن”.