نوچەنێت
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی سووتاندنی گەنمی جوتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
ماوەیەک بەشێوەیەکی بەرچاو، ئاگر لە دەغڵ و دانی جوتیارانی کورد ، لە ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەدرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە”بە داخەوە سەر و ماڵی جوتیارانمان لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كەوتووەتە بەر ئاگری رق و كینە، سوتاندنی گەنمی جوتیارانمان لە مەخمورەوە بۆ خانەقین بە پرۆسەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەزانین، كە ساڵانە چەند بارە دەبێتەوە و رەنجی ئەو ساڵەیان بە هەدەر دەدرێت. پێشتریش وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردبوو سەر و ماڵی جوتیاران لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بپارێزن بەپێی گونجاوی شوێنەکان، بەڕێوەبەرایەتیەكانی كشتوكاڵیشمان داوایان لە یەكە ئیداریەكانی ئەو ناوچانە كردووە رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی جوتیاران”.
وەزارەتی كشتوكاڵ داوای لە حکومەتی فیدراڵ کردووە، کە دەغڵ و دانی جوتیاران لەم ناوچانە بپارێزێت” داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەین، بەرپرسیارییەتی پاراستنی سەرو ماڵی جوتیارانیان لەو ناوچانە لە ئەستۆدایە لەگەڵ قەرەبووکردنەوەى زيانەکان”.