نوچە
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توشبوونی 22 کەسی دیکەی لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند کە هەشتیان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون.
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند “لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان و توشبووان، 22 توشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکران، 12 پیاو، 9 ئافرەت و کوڕێکی گەنج”.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی، 8 لە توشبووەکان بەرکەوتەی توشبووانی پێشوون، 14ی دیکەیان نیشانەی نەخۆشییەکەیان ھەبووە و پشکنینیان پۆزەتیڤ دەرچووە، 21 لەوان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین و توشبوویەکیان دانیشتووی وارماوەیە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 87 تووشبووی کۆرۆنا هەن.
بەگوێرەی ئامارەکان، تائێستا 566 توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 409 توشبوویان چاکبوونەتەوە و پێنج توشبووشیان گیانیان لەدەستداوە، کۆی گشتی ئەو توشبووانەی ئێستا لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێریدان 152 توشبوون.