نوچەنێت
پارێزگاری هەولێر هۆشداری دەدات و دەڵێت: رێگە نادەین هیچ کەسێک لەژێر هیچ ناونیشانێک سەقامگیریی ئەم شارە تێکبدات.
لە درێژەی سەردانەکانیدا بۆ لای لایەنەسیاسییەکان، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە میانی سەردانی بۆ مەڵبەندی سێی بزووتنەوەی ئیسلامییکوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێویستە ئیدارەی پارێزگا و هەموو لایەنە سیاسییەکان سەقامگیری و ئاسایشی هەولێر و هەرێمی کوردستان، وەکو چاوی خۆیان بپارێزن. رێگەنادەین هیچ کەسێک لەژێر هیچ تایتڵێک و خۆشاردنەوە لەژێر هیچ ناونیشانێک سەقامگیریی ئەم شارە تێکبدات.
سەبارەت بە پرسیاری رێگەدان بۆ خۆپیشاندان فرسەت سۆفی گوتی: باوەڕی تەواومان بە ئازادیی رادەربڕین و خۆپێشاندان هەیە، بەڵام ئەوەش کات و سات و میکانیزمی خۆی هەیە. هاوکات هۆشداری دەدات کە هەر کەسێک و هەر لایەنێک، ناوخۆیی یان دەرەکی بێت، بیەوێ ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان تێکبدات، ئێمە رێکاری یاسایی پێویست دەگرینەبەر، هێز و لایەنە سیاسییەکانیش پشتیوانمانن.
لەبارەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناو کردنەوەی بازاڕەکان، پارێزگاری هەولێر دەڵێت: لەنێوان دوو دۆخی دژ بە یەکدابووین، نەدەکرا لەوە زیاتر دووکان و بازاڕ و کاروکاسبی خەڵک رابگرین، چونکە برسیەتی هیچی لە کۆرۆنا کەمتر نییە، بەڵام ڤایرۆسەکە وەکو ئەوە نییە کە کۆمەڵێک کەس پێیان وایە مەترسیدار نییە، بەڵکو ڤایرۆسێکی مەترسیدارە و ئەگەری تەشەنەکردنی لە جاران زیاترە.