نوچەنێت-روداو
وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 44٪ کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان ون دەبێت و ئاشکرای کرد، حکومەت دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە و دڵنیایی دەدات، دۆخی کارەبای نیشتمانی لە وەرزی هاویندا خراپ نابێت.
کەمال محەممەد، وەزیرى کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، “ئێستا 3200 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بەهۆی کەمیی توانای حکومەت لە دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ ئەو 34 یەکەی بەرهەمهێنانەی کارەبا کە سەر بە کەرتی تایبەتن، نەتوانراوە رێژەکە زیاتر بکرێت”.
وەزیری کارەبا ئامای بەوە کرد، “لە هەرێمی کوردستان کێشەی بەرهەمهێنانی کارەبا نییە، هەر هەشت کابینەی رابردوو هەوڵی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبایان داوە، بەڵام کێشە گەورەکە لە گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبادایە. بۆ نموونە 44٪ ی کارەبای هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 1200 مێگاواتە ون دەبێت، واتە کاتێک پسووڵەکان بۆ وەزارەتی کارەبا دەگەڕێنەوە، ئەو بڕە نادیارە. ئەمەش بەهۆی گواستنەوە و سەرپێچیکردنەوەیە”. کەمال محەممەد ئەوەی نەشاردەوە کە “ئەگەر جگە لە بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەرکی گواستنەوە و دابەشکردنیش بکەوێتە ئەستۆی کەرتی تایبەت، ئەوا لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بە کێشەی کارەبا دێت و حکومەتیش بە جیددی ئەو پلانە جێبەجێ دەکات”.
لەبارەی قەرزەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە وەزیری کارەبا ئاشکرای کرد، “حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاری هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە کە بڕەکەی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە”. وەزیری کارەبا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی دەکەن لە مانگی شەشدا.
کەمال محەممەد ئەوەی خستەڕوو، “لەم مانگەدا 25 ملیۆن دۆلار دەدرێتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و لە مانگی داهاتووشدا 25 ملیۆنی دیکەیان پێدەدرێت و لە 3ی مانگی داهاتوودا چەند یەکەیەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا نۆژەندەکرێنەوە، بەڵام دڵنیایی دەدەم کە دۆخی کارەبای نیشتمانی لە وەرزی هاویندا خراپ نابێت”.
هەر لە بەرنامەکەدا ئازاد مستەفا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای ماس بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ئاشکرای کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی دووی ساڵی 2016وە تەنیا 30٪ـی پارەی کارەبایان پێداون و گوتی، “قەرزەکانی ئێمە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرن و لە کۆی 24 یەکەی کارەبا 12یان لەکارکەوتوون. ئەگەر تەواوی یەکەکان نۆژەننەکرێنەوە، لەکاردەکەون و ئێمەش پارەمان نییە نۆژەنیان بکەینەوە”. ئازاد مستەفا ئاشکرای کرد، ئەگەر حکومەت گازیان پێبدات، ئەوان لە توانایاندایە بە 2500 فەرمانبەر چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنن و کارەبای 24 کاژێری دابینبکەین.