نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆئەوەی بتوانین زۆرترین گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان ساغ بکرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵ نزیكه‌ی 2 ملیۆن و 400 هه‌زار تەن گه‌نم بەرهەم هاتووە و حکومەتی عێراقیش بڕیاریداوە، 390 هه‌زار تەن وەربگرێت.
ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠-٥-٢٠٢٠ بە مەبەستی چۆنێتی دابەشکردنی ئەو بڕەی بەغدا دیاری کردووە بەسەر ناوچەکانی هەرێم و ساغ کردنەوەی ئەو بەشەی، کە بەغدا وەری ناگرێت ئەنجومەنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم بەسەر پەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم، کۆبووەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، ڕایگەیاند”بۆ ئه‌مساڵ حكومه‌تی عیراقی بڕیاریداوه ته‌نها ٣٩٠ هه‌زار تەن گه‌نمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، رێژهکەمان به‌وشێوه‌یه دابه‌شكردووه، له سنوری (پارێزگای سلیمانی، پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان) ١٦٥ هه‌زار تەن، پارێزگای هه‌ولێر ١١٠هه‌زار و له پارێزگای دهۆك ١١٥ هه‌زار تەن وه‌ربگرین“.
سەبارەت بەپلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ساغ کردنەوەی گەنمی جوتیارانی هەرێم، دەڵێت”حکومەتی هەرێم، پڕۆژه‌یه‌كی ئاماده‌کردبوو بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان ئه‌و گه‌نمه بكڕینهوهو ئه‌مساڵ پڕۆژه‌كه ئاماده‌كراوه، به‌ڵام به‌هۆی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سهرههڵدانەوەی قه‌یرانی دارایی، نه‌توانرا پڕۆژەکە بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ین له ساڵی داهاتوو جێبه‌جێ بکرێت و حکومەتی هەرێم خۆی گەنمی جوتیاران بکڕێتەوە، بەتایبەت ئەو بەشەی کە حکومەتی عێراقی وەری ناگرێت”.
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، ئاماژە بەوەشدەکات، وه‌ك وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هه‌وڵیانداوه بۆ ئەمساڵ ئه‌و گه‌نمه‌ی دیكه‌ی هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی عێراقی وەری ناگرێت له جوتیارانی وه‌ربگرین و له یه‌كه‌م ههنگاویشیاندا له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كارگه‌كانی ئالیكی كوردستان، كۆبوونه‌ته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌و گه‌نمه وه‌ربگرن كه ئه‌وانیش نزیكه‌ی ٤٠٠ هه‌زار تەنیان پێویسته.
حوسێن حەمە کەریم، هەر سەبارەت بە هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت”هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بەردەوامە بۆئەوەی بتوانین زۆرترین گەنمی جوتیارانی کوردستان ساغ بکرێتەوە، هه‌وڵیشمانداوه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ئاشه‌كانی كوردستان كۆببینه‌وه تا كو بتوانین به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و گه‌نمه‌ی ئه‌مساڵ به‌رهه‌م هاتووه ساغ بكرێته‌وه”.