نوچە
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حەوت توشبووی دیکەی کۆرۆنا لە هەولێر تۆمارکران، کە بەرکەوتەی توشبووەکەی دوێنێن.
دوێنێ سێشەممە 19-5-2020, وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان, توشبوونی نۆ کەس لە سلێمانی و کەسێکی لە هەولێر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند. بە تۆمارکردنی ئەو حەوت توشبووە، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ 431 بەرزبووەوە. 383 کەس چاکبوونەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو حەوت توشبووەی کۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر دەڵێت: ئافرەتێکی تەمەن 35 ساڵ و دوو کچی تەمەن 15 و 9 ساڵان، کە ھەرسێکیان خانەوادەی توشبووەکەی دوێنێن و دانیشتووی گەڕەکی قەتەوی شاری ھەولێرن. لەگەڵ چوار پیاوی دیکە، کە تەمەنیان 53 و 42 و 42 و 29 ساڵن ھاوپیشە و بەرکەوتەی توشبووەکەی دوێنێی شاری ھەولێرن، دانیشتووی گەڕەکی سەیداوە، کۆمەڵگەی شاوێس و بنەسڵاوە و دەڤەری گەرمیان.
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کورستان:
دەرەنجامی نوێ …
لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، حەفت تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای ھەولێر دەستنیشانکران، ئافرەتێکی تەمەن ٣٥ ساڵ و دوو کچی تەمەن (١٥) و (٩) ساڵان کە ھەرسێکیان خانەوادەی تووشبووەکەی دوێنێن و دانیشتووی گەڕەکی قەتەوی شاری ھەولێرن، چوار پیاوی دیکە تەمەنیان (٥٣) و (٤٢) و (٤٢) و (٢٩) ساڵن ھاوپیشە و بەرکەوتەی تووشبووەکەی دوێنێی شاری ھەولێرن، دانیشتووی گەرەکی سەیداوە، کۆمەڵگای شاویس و بنەسڵاوە و دەڤەری گەرمیان.
وەزارەتی تەندروستی
٢٠ ئایار ٢٠٢٠