چەند بڕیارێک لە بارەی قەرزی بچوکەوە درا

0

نوچەنێت

حکومەت چەند بڕیارێک بۆ قەرزى بچووک دەدرێت و گەڕاندنه‌وەى قیستى قەرزەکەش تاوەکوو مانگى نۆ ڕادەگیرێت.

بەپێى ڕاگەیێندراوێکى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقى قەرزى بچووک چەند بڕیارێک دراون، کە پەیوەندی بە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانى ژمارە (٢٩٢٨) لە ١١-٤-٢٠٢٠، تایبەت بە هەڵوەشانەوەی دەزگای ئایندەی گەش بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووکەکانی لاوان لە ڕێگای لێژنەی پێکهێنراو لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.

بەپێی راگەیێةدراوەکە، پاژە (قیست)ى سەرجـەم سودمەندانی پڕۆژەی قه‌رزى بچووک لە هه‌رێمى کوردستان دوا ده‌خرێت، ئه‌مه‌ش بەهـۆی ئەو بارودۆخـــە نەخــــوازراوەی کە ڕووبەڕووی خاوەن پڕۆژەکان بووەتەوە، هه‌روه‌ها وه‌كوو پاڵپشتییەک بەهۆی بڵاوبوونەوەی په‌تاى کۆرۆنا، كه‌ هۆکارە بۆ دواکەوتن لە گەڕانەوەی قیست، یاخود ڕاوەستان و داخستنی زۆرینەی پڕۆژەکان و تووشی زەرەر و زیان بوونەتەوە، بڕیاره‌كه‌ش تاوەکوو ٣١-٨-٢٠٢٠، کاری پێ دەکرێت.

له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌دا هاتووە، نوسراوێک دەکرێت بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی لیخۆشبوون به‌ ڕێژەی ٪٥٠لەو بڕە پارەی کە ماوە بیگەڕێننەوە لەو سوودمەندانەی کە کۆچی دوایان کردووە، بە مەرجێک هەموو پارەکە بە یەک گوژمە لە ماوەیەکی دیاریکراودا بگەڕێتەوە.

وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیی جه‌ختى له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وە، بڕیار دراوە هەماهەنگیکردنی زیاتر لەگەڵ ڕێکخراوی (GIZ)ی ئەڵمانی بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆژەی بچووک لە ساڵانی داهاتوو بۆ گەنجانی (خانەخوێ و ئاوارە و پەناهەندە) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەپێی بودجەى تەرخانکراوی ڕێکخراو.تا ئێستا هه‌شت هەزار و 136 کەس لە قەرزى بچووک سوودمەند بوونە، كه‌ ملیۆنێک تاوەکوو 15 ملیۆن دیناریان بە قەرز لەلایەن حکوومەته‌وه‌ پێدراوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com