ئەسعەد مورادی
چاوێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، داعش لە هەندێک رووەوە لە پێش ٢٠١٤ بەهێزترە، لە رووی چەک و چۆڵ و چەندایەتی و چۆنایەتییەوە،
بەهۆی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و گرنگی نەدان بەو ناوچانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و نەبوونی پێشمەرگە لەو ناچانە، هاوڵاتیانی کورد و بەتایبەت جووتیارەکان، لەلایەن داعش و گروپە جیاوازەکان زەرەر و زیانێکی زۆریان پێدەکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، حەسەن بارام، چاودێڕی سیاسی کورد، لەبارەی جموجۆڵەکانی داعشەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان رایگەیاند: داعش مەترسییەکی گەورەیە و لە ئێستادا زۆر بەهێز بووەتەوە ولە هەندێک رووەوە لە پێش ٢٠١٤ بەهێزترە لە رووی چەک و چۆڵ و چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، بۆیە پلانیان ئەوەیە دۆخی ئەمنی عێراق بشێوێنن. هەرەها پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن، کە داعش لە داهاتوو رووداوێک دەخوڵقێنێت.
حەسەن بارام دەشڵێت، لەپاڵ ئەو جموجوڵانەی داعش، هەندێک شۆڤێنی و دژە کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، خەریکی سوتاندنی دەغڵودانی هاوڵاتیانی کوردن و بە ناڕاستەوخۆ کار بۆ سیاسەتی تەعریب دەکەن و جووتیارانی کورد دەکەنە ئامانج، رەنگە ئەمە بە تەنیا داعش نەبێت و لایەنە شۆڤینی و تائیفییەکانیش لەژێر ئەو پشێوییەی داعش دروستی کردووە ئەوانیش دەست بە ئازاردان و کێشە دروستکردنن.
جێگای داخە حکومەتی عێراق ئامادە نییە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و پێی باشە داعش ئەو نائارامییە بخوڵقێنێت و ئەو هەموو زیانە بدات، بەڵام پێی قورسە رێگە بدات پێشمەرگە و ئاسایش و هەواڵگری هەرێمی کوردستان بچنەوە و بە هاوبەشی ئەمنییەتی ئەو ناوچانە بپارێزن.