ئەسعەد مورادی
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، خواست لەسەر کارەبا زۆرە و پلەکانی گەرماش بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەڕوات، بۆیە پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا کەم دەبێتەوە.
وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧-٥-٢٠٢٠، روونکردنەوەیەکی لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەكەینەوە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی سووتەمەنی و ئەنجامدانی چاكسازیی لە چەند یەكەیەكی وێستگەكانی غازی هەولێر و چەمچەماڵ، راوەستانی وێستگەی كارەبای خەبات بەهۆی كۆرۆناوە، كە ستافی كۆمپانیاكە نەیانتوانیوە لە كۆریای باشوورەوە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا کەمی کردووە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، کە بەرهەمهێنانی كارەبا ٧٠٠ مێگاوات كەمی کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی كارەبا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئومێد محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی كارەبا رایگەیاند: بەرهەمەکەمان لەماوەی رابردوودا ٣٢٠٠ مێگاوات بووە، بەڵام ئێستا ٢٥٠٠ مێگاواتە. کەواتە بەرهەم دابەزیوە و خواستیش بەرزبووەوەتەوە. کەواتە کاتەکانی بوونی کارەبا بەدڵنیایی کەمتر دەبن لە جاران و تاوەکو ئەو خواستەش زیاتر بێت کاتەکانی بوونی کارەبا کەمتردەبێتەوە”.
سەبارەت بەوەی کە کەمی بوونی کارەبا تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت “لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و سەرجەم داواکارییەکانمان خستووەتە بەردەمی وەزیری کارەبا و ئەویش بەرزی کردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان”.
ئەمڕۆ وەزارەتی كارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا گوتی، بەرهەمهێنانی كارەبا 700 مێگاوات كەمی کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی كارەبا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵە.