ئەسعەد مورادی
پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا رایدەگەیەنێت، هەڕەشەی كوتلە شیعەكان كاریگەری لەسەر ناردنی موچە دەبێت، بەڵام ناردنی موچە راناگیرێت.
ئابووری عێراق بەهۆی ململانێ سیاسی ناتەندروست و گەندەڵی و دابەزینی نرخی نەوت، هەرەشەی جددی لەسەر و کورتهێنانی بودجە بەرز بۆتەوە، بۆیە ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر هەرێم مەترسی ئەوە هەیە، کە بەغدا ناردنی موچەی هەرێم رابگرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عیراق، لەبارەی ناردنی موچە لە لایەن بەغداوە راگەیاند: بێ ئومێد نین، چونكە ناردنی بودجەو موچە ساڵانە لە پرۆژە یاسای بودجە بڕگەی تایبەتی بۆ تەرخان دەكرێت و پێویستە لەبەرانبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم حكومەتی فیدراڵ بودجە و موچەی فەرمانبەران رەوانە بكات.
موسەننا ئەمین دەشڵێت، راستە هەڕەشەی كوتلە شیعەكان كاریگەری لەسەر ناردنی موچە دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان بەڵام بەپێی دەستور نابێت ناردنی موچە رابگیرێت و بەوەش ئەگەر كاری بە یاسا بكرایە بەپێی ئەو بڕگەیەی لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ هاتووە، كە ئێستاش كاری پێدەكرێت، دەبوو حكومەتی فیدراڵ بەشێكی بودجەی رەوانەی هەرێمی كوردستان بكردایە و ئەوەندەی پارە ببڕیایە كە بەشی رادەست نەكردنی نەوت بێت، نەك موچەش رابگرێت. دەشڵێت ”بە رێككەوتن و گفتوگۆ دەتوانرێت كێشەكە چارەسەر بكرێت و حكومەتی هەرێمیش دەبێت پابەندی رادەستكردنی نەوتی بێت”.