نەوزاد عەلی-سیدسادق
بەشێک لە مامۆستایانی سەیدسادق، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەییان ئەنجامدا و تێیایدا داوای پێدانی موچەکانیان کرد، کە ماوەی دوومانگە هیچ موچەیەکیان وەرنەگرتووە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٦-٥-٢٠٢٠، لەسەر ڕێگای ناو بازاڕ لە بەردەم قوتابخانەی ئەشکانی بنەڕەتی لە سەیدسادق، بەمەبەستی داواکردنی مافەکانیان، مامۆستایانی ئەو سنوورە، کە مامۆستایانی وانەبێژیش بەشدارییان کرد، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەییان ئەنجامدا و داوای پێدانی موچە و شایستەداراییەکانیان کرد.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، ئاکام حوسێن، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەسەیدسادق، رایگەیاند: ئێمە پشگیری لە داواکاری سەرجەم مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دەکەین، وەک مامۆستایانی وانەبێژیش بە ئەرکی خۆمان زانیوە، کە بەشداری ئەم گردبوونەوەیە بکەن و لە پاڵ داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، ئێمەش داوای مافەکانی خۆمان بکەین.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سەیدسادق، گوتی “مامۆستایانی وانەبێژ کەلێنی گەورەیان لە پرۆسەی پەروەردە پڕکردووەتەوە و ئەوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەبێت نەیان هێشتووە پڕۆسەی خوێندن لەهەرێمی کوردستان پەکی بکەوێت، بەڵام بەداخەوە زوڵمێکی زۆر لەمامۆستایانی وانەبێژ دەکرێت، ئەوە زیاتر لە ٣ مانگە شایستە داراییەکانیان پێنەدراوە، داواکاری سەرەکی مامۆستایانی وانەبێژ دامەزراندنیانە بە شێوەیەکی هەمشەیی و پێدانی شایستە دارایییەکانیانە لەکاتی خۆیدا”.


