نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم لە بەغداوە نەهاتووە بۆ سایلۆکانی هەرێم.
ساڵانە عێراق پێوستی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنم ھەیە، پێشبینیی حکومەت بەو شێوەیە، کە ئەمساڵ زیاتر لەو رێژەیە و ٦ ملیۆن تۆن گەنم دەکرێت رادەستی سایلۆکان بکرێن، بۆیە بڕیاردراوە بە ھیچ شێوەیەک گەنم لە دەرەوە ھاوردە نەکرێت. پلانی حکومەتی عێراق ساڵانە بۆ وەرگرتنی گەنمی هەرێم تەنها وەرگرتنی٤٠٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم، سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم، ڕایگەیاند: هەرچەندە لە وەرزی دوورێنە نزیک دەبینەوە، بەڵام تائێستا هیچ شتێکی فەرمی تازە نەهاتووە بۆ سایلۆکانی هەرێمی کوردستان لە بارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم، دیاریش نییە کە بەغدا بۆ ئەمساڵ چەند گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت.
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم، دەشڵێت “پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان لایەنی مەعنین بە تەسلیمکردن و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکان، هەر کاتێک بەغدا بڕیاری وەرگرتنی گەنم بدات راستەوخۆ پارێزگاکان خۆیان هەڵدەستن بەو کارە”.