نوچە
بەگوێرەی رۆژنامەی “عەرەبی الجدید”ی لەندەنی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، دەیەوێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەست بە گفتوگۆ بكات بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە بۆشایی ئەمنی لەناوچەكانی نێوان هێزەكانی عیراق و پێشمەرگە، بۆ نەهێشتنی چەكدارانی داعش لەو ناوچانە.
ئەو رۆژنامەیە، لە زاری بەرپرسێكی ئەمنییەوە ئاشكرایكردوە، رێكخراوی داعش سودی لە كێشە و ناكۆكییەكان لەسەر ئیدارەدانی ئەمنی لە ناوچە جێناكۆكەكان بینیوە، هەروەها ناكۆكی و نەبوونی هاوئاهەنگی سەربازی لەنێوان بەغدا و هەولێر بۆ ئیدارەدانی ئەو ناوچانە دەرفەتی جوڵەی بە چەكدارانی ئەو رێكخراوە داوە.
رونیشیكردووەتەوە، بەپێی بۆچونی مستەفا كازمی، وەزارەتی بەرگریی عیراق گفتوگۆ لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە ئەنجامدەدات بۆ دیاریكردنی كارە لەپێشینەكان لە جوڵەی هێزە ئەمنیەكان بۆ ئیدارەدانی دۆسێی ئەمنی ناوچە جێناكۆكەكان.
سەرچاوەكە جەختی لەوە کردۆتەوە، کە هێزەكانی پێشمەرگە دەیانەوێت هێزێكی هاوبەش پێكبهێنن، بەڵام رەتكردنەوەیەكی سیاسی بۆ ئەو بابەتە هەیە، لەئێستاشدا پەیوەندییە سەرەتاییەكان لەنێوان وەزارەتەكانی بەرگریی و پێشمەرگە لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە دەستیپێكردوە.