عەلی باپیر: جێبەجێ كردنی شەریعەت، لە سزادانی خەڵكەوە دەست پێناكات
نوچە: هەولێر
عەلی باپیر لە رێی بڵاو كردنەوە روونكردنەوەیەكەوە رایگەیاند، گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەی عەرەبی سوننەی عێراق، كاردانەوەیە بۆ سیاسەتی تاكڕەوانە و تائیفیانەی هەشت ساڵی عێراق، بەڵام وەك ئەو دەڵێت، مەرج نیە رای هەموو خەڵكی ناوچەكەی لەسەر بێت، هەروەها وەك دەربڕینی هەڵوێستێك لەسەر كارەكانی داعشیش دەڵێت ” جێبەجێكردنی شەریعەت لە سزادانی خەڵكەوە دەست پێناكات، چەسپاندنی سزا شەرعییەكان، كۆتا شتە كە شەریعەت دەیكات و لەپێش ئەوەدا گەلێك شتی دیكە هەیە”.
دەقی روونكردنەوەكە:
تێكچوونی هاوسەنگیی (توازن) قسەو لێدوان بەهۆی لێقرتاندنەوە
لەچەند رۆژی رابردوودا هەندێك قسەم لەبارەی بارودۆخی ئێستای عیراقەوە كردبوون، بەڵام دوایی بیستم كە هەندێك كەناڵی راگەیاندن بەهۆی لێقرتاندن و گوڵبژێركردنی قسەكانمەوە، ئاڕاستەی قسەكانمیان گۆڕیبوو، بۆیە بەپێویستم زانی هەر بەكورتیی ئاماژە بەسێ مەبەستی سەرەكیی بكەم، كە لەو لێدوانەمدا جەختم لەسەر كردبوونەوە:
یەك: ئەوەی لە عیراق دەگوزەرێت لەگرژیی و ئاڵۆزیی لەناوچەی عەرەبی سوننەدا، كاردانەوەیە بۆ سیاسەتی تاكڕەوانەو تائیفیانەی هەشت ساڵەی رابردووی حكومەتی ناوەندی، كە بەهەموو شێوەیەك عەرەبی سوننە دووچاری ستەم لێكران و پەراوێزخران بوونەتەوە، بەڵام بێگومان مەرج نیە هەرچی كە لەو ناوچانە دەگوزەرێت رای هەموو خەڵكی ناوچەكانی لەسەربێو، دەستی خەڵكێكی دیكەشی تێكەوتوە.
دوو: بەڵام بێگومان بەبیانووی كاردانەوە (رد فعل)یشەوە، دروست نیە پەنا ببرێتە بەر شێوازی ناشەعییانە، چونكە ستەم و ناشەرعیی كار (فعل) بێ، یان كاردانەوە( رد فعل)، هەرناشەرعییە.
ســێ: هەركەسێك بیەوێ شەریعەت پیادە بكات، دەبێت وەك شەریعەت خۆی دەڵێت ئاوا پیادەی بكات، كە یەكێك لە مەرجەكانی جێبەجێكردنی شەریعەت بریتیە لە زەمینەسازیی بۆ كردنی، بە پێگەیاندنی خەڵك و هۆشیاركردنەوەیان و پەروەردەكردنیان، پاشان دابینكردنی پێداویستییەكان (تأمین المستلزمات)ی خەڵك و كۆمەڵگا، بێگومان جێبەجێكردنی شەریعەت لە سزادانی خەڵكەوە دەست پێناكات، چەسپاندنی سزا شەرعییەكان، كۆتا شتە كە شەریعەت دەیكات و لەپێش ئەوەدا گەلێك شتی دیكە هەیە.
والسلام علینا وعلی عبادالله الصالحین
عـــەلـــی بــاپـــیــر