پەرلەمانتارێکی پارتی: ناکرێت کارەکانی پەرلەمان پەک بخرێت

0

   نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کورستان ڕایدەگەیەنێت، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان پیادەبکات.                                                                                        

ئەمڕۆ ١٤-٥-٢٠٢٠ رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند”بانگهێشت بۆ كۆبوونەوە ناكەم تا نەگەمە ئەو بڕوایە، كە كۆبوونەوە سودی ھەیە بۆ خەڵكی كوردستان، پەرلەمان ئەو كاتە كۆدەبێتەوە كە بە شكۆ و متمانە بچێتەوە ناو كۆبوونەوەكان”.                                                                                  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، خەدیجە عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمان، ڕایگەیاند”ئەگەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئامادە نەبێت بێتە پەرلەمان، بەپێی ماددەی ١٩ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان پیادەبکات، هەر بۆیە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، کە کۆبوونەوەی پەرلەمان ڕێکبخات”.                                                                                

خەدیجە عومەر، گوتیشی”هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران کارێکی یاسایییە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کراوە، بەڵام بەم پرسە لە قەبارەی خۆی زۆر گەورەتر کراوە و نابێت ئەوەندە کاریگەری بکاتە سەر ئەدای کاری پەرلەمانی، چونکە ئەمە کارێکە لە کارەکانی پەرلەمان و لە خولەکانی ڕابردووشدا کراوە، ناکرێت بۆ پرسێکی وەها کارەکانی پەرلەمان پەک بخرێت، بۆیە پێویستە پەڕلەمانی کوردستان بەردەوام بێت کارەکانی خۆی لە ڕووی یاسادانان، بەدواداچوون و چاودێری کردن”.                                                                                                            

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، دەڵێت”هەموان داوای یاسا سەروەری و دادپەروەری دەکەن، پەرلەمانتاریش وەک کەسێکی ئاسایییە، دەکرێت هەڵەیەک بکات و دەسترێژی بکاتە سەر مافی کەسێکی دیکە و سنووری ئازادیییەکان تێپەڕێنێت، ئەم هەنگاوەی پەرلەمانیش بۆئەوەیە کە پەرلەمانتاریش وەک کەسانی ئاسایی بچێتە بەردەم دادگا، بەڵام نازانم ئەوە چی تێدایە و بۆچی وا گەورەکراوە کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی کارەکانی پەرلەمان، ئەوە لای ئێمە جێگای پرسیارە”.                                                                                                            

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com