نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بۆ بنبڕکردنی دیاردەی کڕێن و فرۆشتنی پۆست لە عێراق، دەبێت هێزە سیاسییەکانی عێراق پشتگیری لە کازمی بکەن.
لە ماوەی حکومەتەکانی ڕابردووی عێراقدا کڕین و فرۆشتنی پۆست لە ناو هێزە عەرەبەکاندا، بەتایبەتی شیعەکان دیاردەیەکی زەق بووە، لەئێستادا باس لەوە دەکرێت یەکێک لە وەزارەتە سیادییەکان کەماوە پڕبکرێتەوە، نرخەکەی گەیشتووەتە ٦٠ملیۆن دۆلار، ئەمەش لەکاتێکدایە مستەفا کازمی لە نوێ ترین لێدوانی، دەڵێت”بەهەموو هەوڵێکیم ڕێگر دەبم لە دیاردەی کڕین و فرۆشتنی پۆست و رێگە بەمجۆرە کارانە نادەم”.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، مەیادە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی دیاردەی کڕین و فرۆشتنی پۆست لە عێراق، ڕایگەیاند”بۆ بنبڕکردنی دیاردەی کڕێن و فرۆشتنی پۆست لە عێراق، پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق بەتایبەتی هێزە شیعەکان پشتگیری لە مستەفا کازمی بکەن، چونکە بەتەنیا ئەو ناتوانێت بەرنامە دابنێت و بەتەنیا خۆی جێبەجێی بکات، دەبێت هێزە سیاسییەکان پشگیری لە بڕیارەکانی بکەن بۆئەوەی بتوانێت سەرکەوتوو بێت و ڕێگر بێت لە دیاردەی کڕین و فرۆشتنی پۆست”.
سەبارەت بە پشتگیری ناو ماڵی شیعەکان لە مستەفا کازمی؟ مەیادە محەمەد، دەڵێت”ئەگەر پشتگیری ماڵی شیعەکان نەبوایە، مستەفا کازمی هەرگیز نەیدەتوانی متمانەی زۆرینەی لایەنەکانی پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنێت، چونکە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پشکی شیعە بووە و ئەوان لەناو خۆیان توانییان یەکلایی بکەنەوە”.