نەوزاد علی-سلێمانی
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، تائێستا هەماهەنگی سوپای عێراق لەگەڵ هێزی پێسمەرگە وەک پێویست نەبووە و نەکراوە.
ماوەی دوومانگ زیاترە جموجۆڵەکانی داعش لەعێراق و بەتایبەت لەو ناوچانەی، کە لە بۆشایی ئەمنیدان لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، ناو بەناو هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و جارێکیش هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە گوڵەجۆ و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
لە لیدوانێکی تایبەت بە نوچە، لیوا زریان شێخ وەستانی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ناوچەکانی قەرەچوغ و گەرمیان، لە بارەی جمو جۆڵەکانی داعشەوە، ڕایگەیاند”تائێشتا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق درووستبووە، پێش ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ پڕنەکراونەتەوە و سوپای عێراق نەیتوانیوە ئەو شوێنانە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، بۆیە چەکدارانی داعش سوودیان لەم بۆشاییە ئەمنییانە وەرگرتووە و توانیویانە کەخۆیان ڕێکبخەنەوە و چالاکی ئەنجامبدەن”.
زریان شێخ وەستانی دەڵێت”ئەگەر حکومەتی عێراقی لەگەڵ هێزی پیشمەرگەی کوردستان، ڕێکەوتنێکی باش ئەنجامبدات و هێزی پێشمەرگەش بگەرێتەوە ئەو شوێنانەی کەپێش ١٦ ئۆکتۆبەر پێشمەرگەی لێبووە، بەدڵنیاییەوە دەتوانرێت چەکدارانی داعش لەو ناوچانە بەتەواوی بنبڕبکرێن، بەڵام تا هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو شوێنانە، داعش بەهێزتر دەبێت”.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ئاماژە بە نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان سوپای عیراق و هیزی پێشمەرگە دەکات”تاکو ئێستا هەماهەنگی سوپای عێراق لەگەڵ هێزی پێسمەرگە وەک پێویست نەبووە و نەکراوە، لەلایەن هەرێمەوە هەوڵدراوە کە ئەو هەماهەنگییە دروست بکرێت، بەڵام حکومەتی عێراق کەمتەرخەمبووە لەم پرسەدا و هۆکاری بەهێز بوونەوەی داعشیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەمتەرخەمیانەی حکومەتی عێراق، کە وەک پێویست هەماهەنگی نەکردووە لەگەڵ پێشمەرگە”.