نوچەنێت
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوادەکات هەموو لایەک پابەندی رێنماییەکانی خۆپاراستن بن، چونکە هێشتا مەترسی پەتای کۆرۆنا ماوە.
ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ١٤-٥-٢٠٢٠، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: توانیمان هەموو پێکەوە هەرێمی کوردستان بگەیەنینە کەنارێکی ئارام، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت رێکارەکان بەردەوام بن، بەڵام بەڕەچاوکردنی دۆخی هاووڵاتیان، ناچار بووین ئاسانکاری بکەین.
سەبارەت بە کەمتربوونی مەترسییەکانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ دەڵێت: کۆرۆنا لە هەرێم و لە دەرەوەی هەرێم وەکو یەک وایە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زوو دەستکرا بە رێکارەکان، ئەمەش لێکەوتەی خراپی ئابوری زۆری هەبووە و حکومەت یەکەم زەرەرمەند بووە، بەڵام حکومەت پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی خستە پێش لێکەوتە ئابوورییەکان.
رێبەر ئەحمەد دەڵێت: حاڵەتەکەی دوێنێی پارێزگای سلێمانی، بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان مەترسی هەیەو کۆنتڕۆڵ نەکراوە. راشیگەیاند: کە فڕۆکەخانەکان بە داخراوی دەمێننەوەو لە رۆژانی جەژندا هیچ هاتووچۆیەک لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم نابێت.