یەكێتی: دۆخەكەی هی ئەوە نیە پارێزگاری سلێمانی بدرێت بە كەسێكی ناشایستە
نوچە: تایبەت
سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند، حیزبەكەی لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی، سوورە لەسەر تەوافوق، بەڵام وەك ئەو وتی، پارێزگار سەرۆكی لیژنەی ئەمنییە و دۆخی ئێستایش هی ئەوە نیە، كە ئەو پۆستە بدرێت بە كەسێكی ناشایستە.
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، لە لێدوانێكدا بۆ (نوچە) رەتی كردەوە كە حیزبەكەی بەوە رازی بێت، كە پۆستی پارێزگاری سلێمانی، دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەلایەن یەكێتی و گۆڕانەوە بەرێوە ببرێت “كە ئەوەیش لەلایەن حیزبە ئیسلامییەكانەوە هەوڵی بۆ دەدرێت”، چونكە وەك ئەو وتی “یەكێتی سوورە لەسەر تەوافوق، بەڵام وەزعی ئێستا هی ئەوە نیە كە پارێزگار بدرێت بە دەست كەسێكی ناشایستە، چونكە پارێزگار سەرۆكی لیژنەی ئەمنییە و شارەكەیش تەحەمولی بێ ئەمنییەت و ئاسایش ناكات، بۆیە بە راستی نابێت ئەوە بخرێتە مەترسییەوە”.
سەرچاوەكە وتیشی “ئەمە چەند ساڵە ئەمنییەتی كوردستان پارێزراوە، ئێستا تیرۆریستان دراوسێمانن، ئەمجارەیش پارێزگار دەسەڵاتی زۆرتر دەبێت، بۆیە ئەگەر بكرێت واباشترە كە بە تەوافوق بە ڕێوەبەری دائیرەكان دابنرێن، چونكە لەم دۆخەدا ناكرێت موجازەفە بە ئەمنییەتی خەڵكەوە بكرێت”.