نوچەنێت
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بانگهێشت بۆ کۆبوونەوە ناکەم تاوەکو نەگەمە ئەو بڕوایەی کە کۆبوونەوە سوودی بۆ خەڵکی کوردستان دەبێت.
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە، ١٤-٥-٢٠٢٠، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند : ئەمڕۆ پەیامی فراکسیۆنەکانمان وەرگرت، دواتر بڕیار دەدەین کەی لەگەڵیان کۆببینەوە.
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژە بە نیگەرانی فراکسیۆنەکان دەکات و دەڵێت” فراکسیۆنەکانی پەرلەمان نیگەرانییان هەیە، بەڵام چۆن ئەوان نیگەرانییان هەیە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان، منیش وەک سەرۆکی پەرلەمان نیگەرانیم هەیە”.
رێواز فایەق ئەوەشی ئاشکرا کرد کە جارێ کۆبوونەوە لە پەرلەمان ئەنجام نادرێت “پەرلەمان کۆنابێتەوە تاوەکو بەوشێوەیەی لێنەیەت کە خواستی هەموو ئەو هێزانەیە کە لەنێو پەرلەمانی کوردستان هەن، پەرلەمان ئەوکاتە کۆدەبێتەوە باس لە کێشەکانی خەڵکی کوردستان بکات و بەشکۆیەکی تایبەت و متمانەیەکی تایبەت بچێتەوە ناو پەرلەمان”.
هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند”هیوادارین پەرلەمان درێژە بە کۆبوونەوەکانی بدات”.
ئومێد خۆشناو دەڵێت”ئێمە ئامادەین لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان کۆببینەوە”.