نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەرمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆچوونێکی زۆرینەیی فراکسیۆنەکان هەیە، کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان جارێ نەکرێت.
دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان، بە زۆرینەی دەنگ هەڵگرتنی پارێز بەندی لەسەر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی هەڵگرت بەشێک لە فراکسیۆنەکان هەنگاوەکەیان بە هەنگاوێکی بەمەترسی ناو برد، ئێستا بەو هۆیەوە پەیوەندی حزبەکان و فراکسیۆنەکان ساردی تێکەوتووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک قۆرغکاری لە زۆرینە و کەمینەکاندا کراوە و زۆرینە بەکارهاتووە، بۆ پێشێلکردنی ئەو مەبادیئانەی لە پەرلەمانی کوردستان هەن، وەک مەبادیئی پێکەویی، چاودێری و بەدواداچوون، وە ئەو زۆرینەیە بەکارهێنراوە بۆئەوەی بنبەستێک دابنرێت بۆ کاری پەرلەمانی و کاری پەرلەمانتاری، بۆیە بۆچوونێکی زۆرینەیی لەناو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان درووستبووە، کە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان جارێ نەکرێت، بڕوام وایە پێش جەژن هیچ کۆبوونەوەیەک ناکرێت”.
سەبارەت بە کاری لیژنەکانی پەرلەمان، هاوڕێ مەلا ستار، دەڵێت “سەرباری ئەوەی ئەو فراکسیۆنانەی، کە دەنگیان بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندی داوە و ئەو ڕێگەچارەیەیان بە هەل زانیوە، هێشتا ئەوە نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەوەی، کە پەرلەمانتاران کاری خۆیان بکەن، چونکە کاری لیژنەکان جیاوازە لە کۆبوونەوەکانی هۆڵی پەرلەمان، بۆیە هەندێک لە لیژنەکان کۆبوونەوە دەکەن بەپێی ئەو دەرفەتەی بۆیان دەڕەخسێت”.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لە دونیای سیاسی هەر وڵاتێک کاتێک کێشەیەک دروست دەبێت، پێویستی بە نیقاش و لێکتێگەیشتن و گۆڕینەوەی بۆچوونەکانە، ئیتر بە کۆبوونەوە بێت یان بە پەیوەندی تەلەفونی بێت یان هەر ڕێگایەکی دیکە. گوتیشی “بۆیە بەدڵنیاییەوە تا ئێستاش پەیوەندی لە نێوان هەموو فراکسیۆنەکان هەیە و پەیوەندییەکان نەپچڕاون”.
لە لایەکی ترەوە وەسی سەعید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبووونەوەی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمان، بە نوچەی ڕاگەیاند “ڕاستە بەهۆی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، نیگەرانی و دڵ تەنگی درووستکرد، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆکاری ئەوەی شێوازی کارکردن لەپەرلەمانی کوردستان بوەستێت”.
وەیسی سەعید گوتیشی “بەپێی ئەو ڕێنماییانەی، کە پێمان دراوە، ئێستا کاروبارەکانی پەرلەمان بە ئاسایی دەڕۆن، تەنها دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان نەکراوە، هەروەها بەشێک لە لیژنەکانیش لەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتووش درێژە بە کارەکانی خۆیان دەدەن و لیژنە ئاسایییەکانی پەرلەمانیش کۆدەبنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆئەوەی پەیوەندییەکانی ئەندامانی فراکسیۆنە جیاوازەکان ئاسایی ببێتەوە”.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم حاڵەتانەی کە جار جار گرژی و لێک دوورکەوتنەوەیەک ڕوودەدات، نەک لە کاری پەرلەمانی لە هەموو دامەزراوەیەکی وڵات شتێکی زۆر ئاساییە. دەشڵێت “گرنگ ئەوەیە هەوڵی زوو چارەسەرکردنی کێشەکان بدەین، بەدڵنیاییەوە ئێستا نیەتێکی خێر هەیە و لە ئایندەیەکی نزیک هەموو ئەو دابڕان و گلەیییانەی هەیە بە ئاراستەیەکی درووست دەڕوات و چارەسەری کێشەکان دەکرێت”.