نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەم دۆخەی ئێستای عێراق ئاسان نییە بتوانرێت پیش جەژن دەنگدان لەسەر پڕکردنەوەی پۆستی وەرارەتەکان بکرێت.
رۆژی پێنج شەممە ٧-٥-٢٠٢٠، پرۆسەی دەنگدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، ١٥ وەزیر دەنگیان لەسەر درا، کاندیدانی وەزارەتەکانی (داد، بازرگانی، رۆشنبیری، کۆچ و کۆچبەران و کشتوکاڵ) رەتکرانەوە و دەنگدان لەسەر وەزارەتەکانی (نەوت و دەرەوە) دواخرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ناسر هەرکی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پڕکردنەوەی وەزارەتەکان، ڕایگەیاند”پێمان باشە پێش جەژن سەرجەم ئەو وەزارەتانەی، کە ماون لە کابینەکەی مستەفا کازمی و پڕنەکراونەتەوە پڕبکرێنەوە، بەڵام لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا ئاسان نابێت لەو ماوەکەمەی کە ماوە بۆ جەژن بتوانرێت ئەو پۆستانە پڕبکرێنەوە”.
هەرکی ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ دیاری کردنی کاندیدەکان بەردەوامە و تائێستا هیچ کاتێک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر تەواکردنی کابینەی نوێی حکومەت، دیاری نەکراوە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختیشیکردەوە و گوتی”تائێستا بڕیار لەسەر دیاریکردنی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەدراوە و سەرکردایەتی سیاسی بڕیاری لەسەر دەدات”.