رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وادەی دادگاییکردنی تیرۆرستانی داعش رادگەیەنێت.
د. دیندار زێباری، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دوای هێرشی تیرۆیستانی داعش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی خستە گەڕ و چەند تیمێکی دامەزراند بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەک لە ڕێکەوتی ٢٥-١١-٢٠١٤ بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر و ئازادکردنیان، هەروەها دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە و چارەسەرکردن و لیژنەیەکی تایبەت بە دیکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش دامەزراون، تا ئێستا (٢٦٠٠) کەیسی رفێندراوانی ئێزیدی، کریستیان، شەبەک و تورکمان تەواو بووە و زیاتر لە (٣٠٠٠) کەیسیش لە لێکۆڵینەوە دایە، لەڕووی دەروونییەوە (١٢٧٨) ئافرەت لە سەنتەری راوێژکاری پارێزگای دهۆک چارەسەر کراون.
ئێستا حکوومەتی هەرێم لەڕێگەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتیی هەرێم دەکات لە تیمی نیشتمانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ تیمی لێكۆڵینهوه بۆ لێپێچینهوه له تاوانەکانی داعش (یۆنیتاد) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەردەوامیدان بەم پرۆسەیە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە ئێستادا تیمی یۆنیتاد (١٢٩) فەرمانبەر لە خۆدەگرێت لە (٤٨) وڵات کە نیوەیان ئافرەتن، هەروەها بەشی هەرە زۆری پسپۆڕەکانیان هاووڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانن و لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاجیاکان، تیمی ناوبراو کاری هەڵدانەوەی لە (١٦) گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆجۆ تەواو کردووە و تا ئێستا (٣٤١) روفات لەو گۆڕانە دەرهێنراون، و لە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەتحاڵەکان کراوە و بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتی و نیشتمانییە کارپێکراوەکان دانپێدانانی گومانلێکراوان تۆمار کراوە.
لە راگەیێدراوەکەدا هاتووە: دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەلایەن تیمی یۆنیتادەوە، بەپێی ئەو ستراتیژییەی لە ساڵی 2019 پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، کاری پێشینەی تیمەکە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە داعش لە شنگال، نەینەوا و سەربازگەی سپایکەر لە تکریت ئەنجامی داوە. کەیسی ئێزیدییەکان و ئەو تاوانانەی لە شنگال ئەنجام دراون و کەیسی سپایکەر کاری زۆریان لەسەر کراوە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و لێکۆڵینەوە لەگەڵ گومانلێکراوان و دیکیۆمێنتکردنیان.
سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە دەشتی نەینەوا دەرهەق بە ئێزیدییەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانیتری ئەم ناوچەیە ئەنجام دراون وەک سوننە، ئێزیدی، کریستیان، کاکەیی، شەبەک و تورکمان، ئەمانە ڕووبەڕووی دەستدرێژی و رفاندن بوونەتەوە، هەروەها شوێنە پیرۆز و کەلتوورییەکانیشیان لەلایەن داعشەوە خاپوور کراوە. کەیسەکانی دەشتی نەینەوا تا راددەیەک ئاڵۆزن، بۆیە لێکۆڵینەوەکانیش کاتێکی زۆر دەخایەنێت، تا ئێستا مەترسییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە و خزمەتگوزاری پێویستی ژیانی رۆژانە لە ناوچەکە نییە و زۆربەی دانیشتوانی نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان”.
سەبارەت بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان و بە دیکیۆمێنتکردنیان دەڵێت: تیمی یۆنیتاد بڕێکی زۆر زانیاری دەست کەوتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆربەی ئەو بەڵگە نووسراوانەی کە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش دەستیان کەوتووە، دیکیۆمێنتیان کردووە و تا ئێستا زانیاری لەبارەی دەیان هەزار کەیس کۆ کراوەتەوە کە دەکاتە زیاتر لە (١٤.٥) تیرابایت، هەروەها تیمی ناوبراو بڕی٩٦٠ هەزار دۆلاری ئەمریکیی تەرخان کردووە بۆ دابینکردنی کەلوپەل و مەشقکردن بە ئەندامانی تیمی پسپۆڕانی نیشتمانی بۆ کارکردن لە چوارچێوەی یۆنیتاد، و بڕیار وایە قۆناغی داهاتووی کاری لێکۆڵینەوەی تیمەکە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەست پێ بکات.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشی گەیاند: “تیشکی خستە سەر تیمی نیشتمانی عێراق کە کار دەکات لەگەڵ یۆنیتاد گوتیشی: “بڕیار وایە تیمێکی پسپۆڕانی نیشتمانی دادوەران لەسەر ئاستی عێراق دابمەزرێت، بۆ کارکردن لەگەڵ تیمی یۆنیتاد بۆ هەماهەنگی و پەرەپێدانی توانای دادوەرانی عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراون کە بە گوێرەی پێوەرە نێودەڵەتییەکان دەگاتە ئاستی تاوانەکانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی کوشتنی بە کۆمەڵ. تیمی دادوەرانی عێراق کە هەرێمیش لەخۆ دەگرێت، یۆنیتاد پرۆگرامێکی مەشق و راهێنان بۆ ئەو دادوەرانە ئامادە دەکات، چونکە بەشداری راستەخۆیان دەبێت لە لێکۆڵینەوەکان و ئەگەر پێویست بێت لە پرۆسەی دادگایی کردنیشدا ئامادە دەبن، کە بڕیار وایە یەکەم دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت.
رۆڵی هەرێم لە تیمی پسپۆر و دادوەرانی نیشتمانی عێراق لە چوارچێوەی یۆنیتاد رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، بەپێی راگەیێندراەکە، یۆنیتاد ژمارەیەکی ناوی پێشکەش کرد وەک پسپۆڕی نیشتمانی، ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە دەرفەت بدرێت بە (دادوەران، کەسانی شارەزا و چالاکوانان) بۆ کارکردن وەک پسپۆڕی نیشتمانی لە چوارچێوەی یۆنیتاد، هەروەها هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت بۆ دڵنیا بوون لەوەی هیچ گرفتێکیان نییە بەتایبەتی لەرووی ئەمنییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لە لایەن خۆمانەوە چەند دادوەرێکمان پێشنیار کرد کە بۆ ماوەیەک راستەوخۆ کاریان لەسەر ئەو کەیسانە کردووە و شارەزاییەکی زۆریان هەیە، بۆیە رۆڵیان دەبێت لە گێڕانەوەی مافی کەسوکاری قوربانیان و قەرەبووکردنیان و ئەنجامدانی دادگاییەکی عادیلانە.