نوچە
سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دەڵێت، بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات دەستدرێژی بكرێتە سەر خۆپیشاندەران.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە (١٢-٥-٢٠٢٠) مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لە میانی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا دووپاتی كردەوە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات بە دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەران.
ئەوەش لەكاتێكدا بەر لە دوو ڕۆژ هێزە ئاسایشییەكان و میلیشیاكان هێرشیان كردبووە سەر خۆپیشاندەرانی بەسرە و لە سەردەمی حكومەتی پێشووشدا زیاتر لە ٥٥٠ خۆپیشاندەر كوژرابوون و نزیکەی ١٩ هەزار کەسیش بریندار بوون، کە لەو بارەیەوە میلیشیاکان تۆمەتباری سەرەکین.
كازمی لەبارەی دۆخی خراپی ئابووریی وڵاتەكەشیەوە رایگەیاند، بە هەموو توانایەك كار لەسەر دەربازكردنی دۆخەكە دەكەن، لەسەر حیسابی كەرامەتی هاوڵاتیان و بەرژەوەندیی نیشتمانیشدا لەگەڵ كەسدا نەرمی نانوێنن.
سەرۆك وەزیران بڕیاریشی دا بەرنامەی یاسای پاراستن فروان بكەن بۆ ئەوەی خەڵكی زیاتر بگرێتەوە. هەروەها دەشڵێت كە دووبارە چاوپێداخشاندنەوە بە پرۆژە یاساكانی نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن.