فازڵ میرانی وەڵامی یەکێتی دەداتەوە

0

نوچە

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پەیوەندی نێوان ئەوان و یەکێتی بەو خراپییە نییە، کە خەڵکانێک باسی دەکەن “چونکە خەڵکانێک هەن بە گشتی دووژمنی جوڵانەوەی کوردین، نەک دووژمنی ئێمەبن بە تەنیا یان یەکێتی یان حیزبێکی دیکە، بەڵکو دووژمنی هەموو کوردێکن”.

ئەمڕۆ (سێشەممە ١٢-٥-٢٠٢٠) فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانی بەسەرکردنەوەی لقی ئاکرێی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان لەبارەی ئەو قسەیەی فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، کە دەڵێت “گروپێک لەنێو پارتی پەیدا بووە رێگە نادات یەکڕیزی لەنێوان ئەوان و پارتیدا دروست ببێت و پارتی بووە بە دوو باڵ، رایگەیاند: نیو سەدەیە پارتی دروستبووە بۆ بزاڤی نەتەوایەتی، منافس و ناحەز و هەندێکجار حکومەتی دووژمن دیارن، کە هەوڵ دەدەن درزێک لە نێو ئەو حزبەدا دروست بکەن. ئێمە گروپ گروپ نین، بەڵکو یەک گروپین، یەک پارتینە و یەک سەرۆکمان هەیە، ئەویش مەسعود بارزانییە، نوقتە سەری دێڕ”.

میرانی دەشڵێت “کەسیش لە ئێمە باڵی پێوە نییە، ئەگەر باڵیان هەبووایە ئێستا فڕیبوون وەکو خەڵکێکی دیکە، سوپاس بۆ خودا نە باڵمان هەیە نە دەفڕین. ئێمە لەنێوخۆماندا یەکین و یەک سەرکردایەتی یەک بەرنامە و یەک ستراتیژمان هەیە، خەڵکیش ئازادە بۆخۆی چ دەڵێت با بیڵێت، مەسەلەیەکی کوردی هەیە دەڵێت (لەلای دز وایە هەموو کەسێک دزە)، هەموو کەسێک دز نییە و هەموو حزبێکیش باڵی تێدا نییە، لەنێو هەندێک حزبیش باڵ باڵێن هەن”.

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لەبارەی کاریگەری کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح، لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، گوتی “جەنابی کاک نێچیرڤان سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، جەنابی کاک دکتۆر بەرهەم، سەرۆککۆماری عێراقە، بێگومان ئەو دوو سەرۆکە دەبێت کۆببنەوە، یەکێکیان جێگری سەرۆکی پارتییە و یەکێکیش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، بە دڵنیاییەوە ئەو دوو سەرۆکە کاریگەریان لەسەر حیزبەکانیان دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە. دواتر پەیوەندی نێوان ئێمە و یەکێتی بەو خراپییە نییە، کە خەڵکانێک دەیانەوێت. خەڵکانێک هەن بە گشتی دووژمنی جوڵانەوەی کوردین، نەک دووژمنی ئێمەبن بە تەنیا یان یەکێتی یان حیزبێکی دیکە، بەڵکو دووژمنی هەموو کوردێکن”.

هەر لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی میرانی گوتیشی “پێش کۆنگرەی ٤-ی یەکێتی لە دەرئەنجامی ئەو گرفتانەی لەنێو سەرکردایەتی یەکێتیدا هەبوو، بووە مایەی ئەوەی ساردی بکەوێتە نێوان ئێمە و ئەوان، دوای بەستنی کۆنگرەش یەکێتی سەرکردایەتیەکی تازەی هەڵبژارد و رێڕەوێکی تازەشی گرتووەتەبەر، دەبێت ئێمە لەو رێڕەوە تێبگەین هەروەکو مام جەلال، رەحمەتی خودای لێبێت لە ئێمە تێگەیشت. ئێمەش دەبێت لەو رێڕەوە تێبگەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەوان چەند لە ئێمە تێدەگەن؛ ئەوەی مام جەلال بۆ ئێمە رازی بوو ئەوانیش رازی بن، ئەوکات وەکو پێشووی لێدێتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com