نوچە
سەرۆکی لیژنەی لامه‌ركه‌زیه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزی سلێمانی رایگەیاند، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی، كه ده‌یانه‌وێت یاسای پارێزگاكان هه‌مواربكرێته‌وه و سیستمی لامه‌ركه‌زیه‌ت جێبه‌جێبكرێت، ئه‌وه‌یه، كه نه‌ك كۆی داهاتی سلێمانی، به‌ڵكو داهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی پارێزگای سلێمانی نازانین. دەشڵێت ”راوێژ و پرسمان به‌هه‌ولێر و دهۆكیش كردووە”.
ئه‌مڕۆ (سێشەممە ١٢-٥-٢٠٢٠) لیژنه‌ی لامه‌ركه‌زیه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزی سلێمانی سه‌ردانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه كرد، له‌گه‌ڵ پارێزگار و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی پارێزگاكه له‌باره‌ی پرسی لامه‌ركه‌زییه‌ت له هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان كرد و دواتریش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه له‌كۆنگره رۆژنامه‌وانیەکەدا رایگه‌یاند “به‌ناخی پڕگه‌شمانه‌وه به‌خێرهاتنیان لێده‌كه‌ین، كه ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێك كه‌سی دڵسۆز بۆ وتوێژ له‌سه‌ر لامه‌ركه‌زیه‌ت بۆ هه‌ڵه‌بجه و سلێمانی و سه‌رجه‌م پارێزگاكانی دیكه سه‌ردانیان كردین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به به‌شێك له‌كاره‌كانی خۆیانی ده‌زانن بۆ ئاوه‌دانی و ده‌ستی كاری زیاتر، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێیان باش بو سه‌ردانێكی مه‌یدانی ئەوان بكه‌ن، “ئێمه‌ش وه‌ك پارێزگار و جێگری پارێزگار و قایمقام و لێپرسراوی به‌شی یاسایی پێشوازیمان كرد‌و گفتوگۆیه‌كی راشكاوانه‌مان له‌سه‌ر لایه‌نه ئه‌رێنی ونه‌رێنیه‌كانی لامه‌ركه‌زیه‌ت كرد”.
ئازاد تۆفیق باسی لەوەشکرد، “هیوادارین ئه‌و سەرەتایەی ده‌ستیان پێكردووه ئاینده‌یه‌كی رۆشن و جوان و سیستمێكی ئیداری دروست بێت، كه بتوانرێت دادپه‌روه‌رانه هه‌موان تێیدا به‌شدار بین له‌خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان”.
ئەوەشی خستەڕوو، کە “ئه‌گه‌ر لامه‌ركه‌زیه‌ت وه‌ك پره‌نسیپێك بۆ سلێمانی باش بێت، بێگومان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ش باش ده‌بێت و له هه‌رچوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كورستان په‌یڕه‌وبكرێت”.
هه‌ر له‌كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا، به‌رزان محه‌مه‌د، سەرۆکی لیژنه‌ی لامه‌ركه‌زیه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزی سلێمانی رایگه‌یاند “یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه ده‌مانه‌وێت یاسای پارێزگاكان هه‌مواربكرێته‌وه و سیستمی لامه‌ركه‌زیه‌ت جێبه‌جێبكرێت، ئه‌وه‌یه كه نه‌ك كۆی داهاتی سلێمانی، به‌ڵكو داهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی پارێزگای سلێمانی نازانین”.
سه‌باره‌ت به پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كورستان و جێبه‌جێكردنی سیستمه‌كه، به‌رزان محه‌مه‌د ئاشكرایكرد، هه‌ر كارێكمان كردبێت راوێژ و پرسمان به هه‌ولێر و دهۆكیش كردوه، بۆئه‌م پرۆژه‌یه‌ش به‌هه‌مانشێوه له‌دوای ته‌واوبونی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین.