کازمی بەڵێن بە خۆپیشاندەران دەدات

0

نوچە

حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەو کەسانەی دوێنێ تەقەیان لە خۆپێشاندەرانی بەسرە کرد لە باڵەخانەیەکدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران. کازمی-یش بەڵێنی بە خۆپێشاندەران داوە سزای ئەوانە بدات دەستیان لە کوشتنی زیاتر لە 550  خۆپێشاندەر هەبووە. 

دوێنێ یەکشەممە خۆپێشاندەران لە دەوری بارەگایەکی حزبی لە بەسرە و لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای بەسرە گردبوونەوە، داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و دەستێوەردانی ئێرانیان دەکرد، دوای گردبوونەوەیان تەقە لە خۆپێشاندەران کرا و گەنجێکی 20 ساڵان دوای بریندار بوونی بە بەرکەوتنی گولـلە بە سەری، گیانی لەدەستدا. 

 باسم ئەلمالیکی، گوتەبێژی هێزە ئەمنییەکانی بەسرە رایگەیاند، ئەوانەی دەستگیرکراون پێنج کەسن، دەستبەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە. دەستگیرکردنی ئەو کەسانە لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە عێراقییەکان بووە، کە راستەوخۆ لەلایەن مستەفا کازمییەوە سەرپەرشتی کراوە. 

ئەمە لەکاتێکدایە مستەفا کازمی بەڵێنی بە خۆپێشاندەران داوە سزای ئەوانە بدات دەستیان لە کوشتنی زیاتر لە 550  خۆپێشاندەر هەبووە لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو. 

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە توویتێکدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە نووسیویەتی، “سوپاس بۆ دادگا و هێزە ئەمنییەکان”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “بڕیارمانداوە ئەو کەسانەی دەستیان سوورە بە خوێنی عێراقییەکان شەویان بەسەردا ناچێت و ئێمە پەیمانی خۆمان دەبەینە سەر”. 

لەبارەی خۆپێشاندانەکانەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، خۆپێشاندانی ئاشتیانە ئەرکێکە کە هەموومان دەبێت پێکەوە تێیدا بەشداربین. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com