نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پشنیارێک هەیە بۆئەوەی، کە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بەشێوەی مانگانە بێت.
بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئالۆزییەکانی عێراقەوە، ساڵی ڕابردوو نەتوانرا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، ئێستاش، کە نرخی نەوت بۆ ئاستێکی زۆر دابەزیوە و داهاتی عێراقیش بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە، چاوەڕوان دەکرێت، کە حکومەتی نوێ پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بوودجە ڕایگەیاند: پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢٠ی عێراق، کە لە کابینەکەی پێشوو ئامادە کرابوو، پڕۆژەیاسایەکی تەدەفوقییە و پارەیەکی یەکجار زۆری بۆ تەرخان کراوە، بۆیە پڕۆژەیاساکە لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراق ناگونجێت، دیاریش نییە کە تائێستا پلانی حکومەتی عێراق چییە بۆ پڕۆژەیاسای بوودجە.
شێروان میرزا، دەڵێت “من پێیوایە حکومەتی عێراق ئەو پڕۆژەیاسایە نانێرێت بۆ پەرلەمان و جارێکی دیکە گۆڕانکاری تێدا دەکات و خەرجییەکانی کەمدەکاتەوە و داهاتیش کەمدەکات”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، گوتیشی “پشنیارێک هەیە، بۆئەوەی، کە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بەشێوەی مانگانە بێت”.