نوچە: ئاژانسەکان
لەکاتی مەشقی سەربازیدا لە باشووری ئێران، بەهەڵە موشەکیان لە خۆیانداوە و بەهۆیەوە 19 کەس گیانیان لە دەستداوە و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران رایگەیاند: ئەم رووداوە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە و لەکاتی پرۆڤەی ژمارەیەک لە کەشتییەکانی ئەو هێزە لە ناوچەی جاسک و چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێراندا روویداوە و بەهۆیەوە 19 کەس گیانیان لە دەستداوە و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەرتەشی ئێران وردەکاری رووداوەکەی باس نەکردووە، بەڵام هەندێ سەرچاوەی نافەرمی دەڵێن، کەشتی شەڕکەری جەماران بە هەڵە بە موشەکی کرووز، کەشتییەکی دیکەی بەناوی “کەنارەک” کردووەتە ئامانج.
کەشتی کەنارەک پێش شۆڕشی ئێران لە وڵاتی هۆڵەندا کڕاوە، 47 مەتر درێژە و دەتوانێت لەنێو ئاوەکان مین بچێنێت و تاوەکو 40 تۆن بار هەڵبگرێت.