نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، شاندەکەی هەرێم لە بەغدا زەمانەتی باشیان وەرگرتووە و بەرە و پێش چوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوانیان هەبووە.
هەرێمی کوردستان ئومێدی چارسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق هەڵچنیەوە، هەرێمی کوردستان هەر لەسەرتای ڕاسپاردنیەوە پشتگیری خۆی بۆ دەربڕی و لە پەرلەمانی عێراقیش زۆرینەی پەرلەمانتارانی کورد دەنگیان بە کابینەکەیدا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە تێڕوانینی مستەفا کازمی بۆ کیشەی کورد، رایگەیاند: مستەفا کازمی یەکێک بووە لەدۆستەکانی کورد و لە ڕابردوو بەرپرسی دەزگایەکی ئەمنی گرنگی عێراق بووە و کاریگەری باشی هەبووە لە کاتی خۆیدا، هەندێک زەمانەت لای کوردەوە وەرگیراوە، ئەمەش دوای تەداخولکردنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ مستەفا کازمی، لە خاڵی ٨-ی کارنامەی حکومەتەکەی کازمی باسکراوە مافەکانی گەلی کوردستان پارێزراوبێت.
دووبەردانی گوتیشی “خاڵی ٨-ی کارنامەی حکومەتەکەی مستەفا کازمی زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بەرهەمی جێبەجێکردنی خاڵی ٨-ی کارنامەی حکومەتەکەی کازمی و بەرهەمی سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێم، کە چوونە بەغدا دەر دەکەوێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت “هەرچەندە مستەفا کازمی بارەکەی زۆر قورسە لەم کاتەدا، بەڵام شاندەکەی هەرێم لە بەغدا هەندێک زەمانەتی باشیان وەرگرتووە و بەرە و پێش چوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوانیان هەبووە و مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەرێنی دەبێت، لە ڕۆژانی داهاتوو دوای پڕکردنەوەی ئەو وەزارەتانەی کەماون لەگەڵ کورد دێتە سەر خت بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان”.