نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی، کە بڕیاربوو بکرێت، لەسەر داوای یەکێتی دواخراوە.
بڕیار بوو رۆژی شەممە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە جارێکی دیکە دواخرا، دواخستنی ئهمجارهی كۆبونهوهكهش لهكاتێكدایه كه لهماوهی رابردوودا چهندین جار ههواڵی كۆبونهوهی پارتی و یەکێتی بڵاو دەکرایەوە ههموو جارێك دانیشتنی ئهو دوو حزبه بههۆكارێك دواخراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، لوقمان وەردی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دواخستنی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکە لەسەر داوای یەکێتی دواخراوە و بڕیارە سبەنێ سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببێتەوە، سەبارەت بەوەی دواخستنی کۆبوونەوەکەی یەکێتی و پارتی تاچەند پەیوەندی بە کۆنەوەکەی ڕۆژی پێنج شەممەی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە ئەوەیان نازانم، بەڵام بە دڵنیاییەوە نیگەرانی قوڵی یەکێتی نێشتمانی لێکەوتووەتەوە.
لوقمان وەردی گوتیشی “کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، کە ڕۆژی پێنج شەممە کرا، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد، فراکسیۆنی پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێن، کە بەئاراستەی تێکدانی یەکڕیزی نیشتمانی بێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، دەشڵێت “کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی رێککەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی، هەروەها پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان بووە، هەنگاوێک بوو بەئاراستەی تێکدانی یەکڕیزی نیشتمانی و پێویستی نەدەکرد، لەم کات و ساتەدا، کە دۆخی ژیانی هاوڵاتیان لە بارو دۆخێکی خراپدایە دەست بۆ پرسێکی واببەن، زۆرینەیەکی پەرلەمانی کوردستان درووست بکەن و پێکهاتەکان بەکار بهێنن لە وەڵکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان و ململانێی هێز و لایەنەسیاسییەکانی هەرێم”.