نوچە
فراكسیۆنی فەتح لە پەرلەمانی عیراق كە بە نزیك لە كۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت، داوا لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەكات پشتگیری و پاڵپشتی خۆی پێشكەشی عیراق بكات بۆ دەرچون لەو بارودۆخە هەستیارەی ئێستا وڵاتەكەی تێدایە.
محەمەد غەبان، سەرۆكی فراكسیۆنی فەتح، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: دوای تێپەڕاندنی حكومەتی مستەفا كازمی لە پەرلەمان و پشتگیریكردنی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی گەورە بۆی، داوا لە ئەمریكا دەكەن وا حساب نەكات ئەوە سەركەوتنێكی گەورەی خۆیەتی و شكستی ركابەرەكانیەتی لە ناوچەكەدا.
سەرۆكی فراكسیۆنی فەتح دەشڵێت “هێزە سیاسییەكان بەرژەوەندی عیراقیان خستە پێش سەرجەم حساباتەكانی ترەوە، بۆیە پێویستە ئەمریكا ئەوە بسەلمێنێت، كە گرنگی بە عیراق دەدات و كاری لە پێشینەیەتی لە پشتگیریكردنی لەم بارودۆخە هەستیارەدا”.
غەبان بە پێویستی دەزانێت، کە ئەمریكا گەلی عیراق دڵنیابكاتەوە، كە سورە لەسەر هاوكاریكردنیان و بەلای لایەنێكی سیاسیدا نایشكێنێتەوە دژی لایەنێكی دیكە. دەشڵێت “ئەمڕۆ هەڵوێستی ئەمریكا لەبەردەم تاقیكردنەوەدایە و عیراقییەكان چاودێری ئەوە دەكەن كێ لەگەڵیاندایە بە كردار و كێ تەنها لێدوان و هەڵوێست بڵاودەكاتەوە”.