تایبەت: نوچە
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری بەشداریمان لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری خۆمان بووە و قبوڵیش ناکەین لە هیچ کەس و لایەنێک، کە باسی نوێنەری پێکهاتەکان بکات.
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنەکەی ڕۆژی (پێنجشهممه ٧-ی ئایاری ٢٠٢٠)، لەسەر داوای سەرۆکی داواکاری گشتی، بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان خرایە نێو بەرنامەی کارەوە و لە کۆی ٥٨ ئەندامی ئامادەبووی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ٥٧ پەرلەمانتار، پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا.
دوای ئەوەش کاردانەوەی بەشێک لەلایەن و فراکسیۆنەکانی لێکەوتەوە و هێرشێکی میدیای لە سۆشیاڵ میدیا بۆ سەر پێکهاتەکان دەستی پێکردووە، ئەمەش نیگەرانی پێکهاتەکانی لێکەوتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سارا دڵشاد ئەبوبەکر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، لە بارەی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ هەڵگرتنی پارێز بەندی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی، ڕایگەیاند: ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی و پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە بڕیاری خۆمان بە شداری کۆبوونەوەکەمان کردووە، بۆیە بەشداری کردنمان و بە شداری نە کردنمان بە بریاری خۆمانە، قبوڵیش ناکەین هیچ کەس و لایەنێک باسی نوێنەری پێکهاتەکان بکات.
سارا دڵشاد جەختیشیکردەوە و گوتی “هاوپەیمانی ئێمە لەگەڵ پارتی بەردەوام دەبێت، ئەمەش شتێکی شاراوە نییە و ئاشکرایە، هەر حزبێکی کوردستانی پاڵپشتی پێکهاتەکان بکات، ئامادەین هاوپەیمانی لەگەڵدا بکەین”.