نوچە
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی رێنمایی و هەلومەرجی گونجاوی تەندروستی، رۆژی 11-ی ئەم مانگە بڕیار لەسەر كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان دەدرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، کە زیاتر لە دوو مانگە، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە، دەرگای مزگەوتەكان و زۆرێك لە شوێنە گشتییەكان داخراوە.
وەزارەتی ئەوقاف لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە “لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، 11-ی ئایاری 2020، بەپێی رێنمای و ئەگەری هەلومەرجی گونجاوی تەندروستی، لێژنەی باڵای كۆرۆنا بڕیار لەسەر كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان دەدات”.
باسی لەوەشكردووە، ئەم رێكارانەی كە لەمەودوا پەیڕەودەكرێت لەپێناوی ئەوەیە كە ھەموولایەك ئەرك و بەرپرسیاریەتی ئایینی نیشتیمانی لە ئەستۆبگرن بۆ پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیانی ئازیزمان.
هەر لەمبارەیەوە بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان چەند رێنماییەکی بڵاو کردەوە و تێیایدا رایگەیاند:
داوادەکەین دەست نوێژگرتن لە ناو مزگەوتەکان نەکرێت.
هێنانی بەرماڵی تایبەتی خۆیان لەلایەن نوێژخوێنانەوە .
ماوەی نێوان نوێژخوێنان لە ۱ مەتر کەمتر نەبێت.
تا بتوانرێت ماوەی وتاری نوێژی هەینی کەم بکرێتەوە.
نوێژی تەراویح کەمترینیان بێت.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هەروەها دەڵێت، سوپاسی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و مامۆستایانی ئایینی و گشت موسوڵمانان دەکەین، کە هەمیشە هەماهەنگ و پاڵپشتی کەرتی تەندروستی بوون لە هەموو قۆناغەکانی روبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.