کازمی دەتوانێت بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بێت؟

0

  نەوزاد عەلی-سلێمانی

چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، مستەفا کازمی لە ئەمریکا و ئێران بە هێزتر نییە، بۆیە نەک ناتوانێت قەیرانەکان چارەسەر بکات بەڵکو قەیرانەکان ڕەنگە قوڵتر بێتەوە. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق متمانەی بەخشی بە حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی لە ٢٢ كاندید بۆ پۆستە وزارییەكان، ١٥یان متمانەی پەرلەمانتارانیان وەرگرت و پێنج رەتكرانەوە و دووانیش دواخران، دوای وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانتاران، مستەفا كازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، ڕایگەیاند “ئەم حكومەتە، حكومەتی چارەسەرە نەك حكومەتی قەیرانەكان”.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، کاوە نادر، چاودێری سیاسی، سەبارەت بە دۆخی عێراق و کاریگەری مستەفا کازمی لەسەر قەیرانەکانی عێراق، ڕایگەیاند: عێراق کەوتووەتە نێوان دوو هێزی گەورەی وەک ئەمریکا و ئێران و بەتەواوی دەستیان ڕۆچووەتە ناو دامودەزگاکانی عێراق، هەردوو هێزەکەش بیانین و لەدەرەوەی تواناکانی عێراقن زۆریش لە عێراقییەکان بەهێزترن، هەر ئەو دوو هێزەش دەتوانن ڕۆڵببینن لەسیاسەتی عێراق، نەک مستەفا کازمی، بەڵکو هەر کەسێکی دیکەش بێت ئەرکەکەی زۆر قورس دەبێت، ڕەنگە نەتوانێت خۆی لە لێواری کێشەکانی عێراق بدات، یان ئەوەتا دەبێت خۆی بداتە دەست یەکێک لەو دوو هێزانە.

کاوە نادر دەڵێت “ئێستا ململانێکانی ئەمریکا و ئێران زۆر بەهێز بووە و ڕەنگە بگاتە حاڵەتی پێکدادان و توندوتیژی، کە ئەوەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ناخۆی عێراق و حکومەتەکەی مستەفا کازمی، بۆیە من بە قورسی دەبینم کە بتوانێت داخوازی ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان جێبەجێ بکات”. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، داخوازی ئێرانییەکان بۆ دەرکردنی ئەمریکا لەعێراق کارێکی زۆر قورس دەبێت لەهەموو ڕوویەکەوە و داخوازی ئەمریکییەکانیش بۆ چەککردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزە میلیشیاکانی عێراق و کۆنتڕۆڵکردنیان، لە رووی کردەییەوە بۆ مستەفا کازمی نەک قورس دەبێت، بەڵکو کارێکی مەحاڵە، چونکە حەشدی شەعبی ڕێژەیەکی زۆر کورسییان لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە و خاوەنی قوەتێکی دەستوورین.

کاوە نادر چاودێری سیاسی پێیوایە، کێشەکانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە و مستەفا کازمیش تەنها دەتوانێت موسایەری دۆخەکە بکات و هەوڵدەدات دڵی ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان ڕازی بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی وەک سەرۆک وەزیرانێک کارەکانی عێراق بەڕێ بکات.  

ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت “هێزی مستەفا کازمی لە هێزی ئەمریکا و ئێران بە هێزتر نییە، بۆیە نەک ناتوانێت قەیرانەکان چارەسەر بکات، بەڵکو قەیرانەکان ڕەنگە قوڵتر بێتەوە، کێشەی عێراقییەکان ئەوەیە ناتوانن لە نێوان دوو بەرداشی ئێران و ئەمریکا خۆیان یەکلایی بکەنەوە و بڕیارێکی نیشتمانی تایبەت بەخۆیان بدەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com