گروپێك چەكداری نەناسراو هەڵدەكوتنە سەر ئۆفیسی رۆژنامەیەكی پارتی
نوچە: تایبەت
گروپێك چەكداری نەناسراو لە شاری بەغدا هەڵدەكوتنە سەر ئۆفیسی رۆژنامەی تأخی كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە و دەست بەسەر كەلوپەلەكانیاندا دەگرن، سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیەش دەڵێت “گومان دەكرێت ئەو چەكدارانە سەر بە نوری مالیكی بن”.
بەدرخان سندی سەرنووسەری رۆژنامەكە بە (نوچە)ی راگەیاند، كاتژمێر 7:00 ئەم ئێوارەیە، رێكەوتی (17/7/2014) گروپێك چەكدار كە گومان دەكرێت سەر بە نوری مالیكی بن، هەڵیانكوتاوەتە سەر ئۆفیسی رۆژنامەكە و تەهدیدی كارمەندەكانیان كردووە، وتیشی “ژمارەی چەكدارەكان 12 تا 13 كەس بوون و جلوبەرگی سەربازییان لەبەر بووە و دامامكیان پۆشیووە، بە سێ ئۆتۆمبێل كە هی پۆلیسی عێراقی بوون، هەڵیانكوتاوەتە سەر ئۆفیسی رۆژنامەكە، سەرەتا پاسەوانەكانی ئێمەیان چەك كردووە و چەكەكانیان بردوون، هەروەها مۆبایلی كارمەندەكانیان بردوون و سێ ئۆتۆمبێلی رۆژنامەكەیشیان بردوون”.
سندی لەوبارەوە زیاتر دووا و وتی “چەكدارەكان چوونەتە چەند ژوورێك و سەیری تێكڕای مەلەفاتی رۆژنامەكەیان كردووە و لەگەڵ خۆیان بروودنیان”، بەدرخان سندی وتیشی “چەكدارەكان وتوویانە ئێمە پێشتر ئاگادارمان كردوونەتەوە كە رۆژنامەی تأخی نابێت لە عێراق دەربچێت، بەڵام لە راستیدا ئێمە نازانین ئەوانە كێن و پێشتریش هیچ ئاگادار كردنەوەیەك بۆ ئێمە نەهاتووە”.
بەدرخان سندی لە بارەی ناسنامەی ئەو چەكدارانەوە وتی “ئێمە نازانین كێن، بەڵام ئەو كادیرەی ئێمە كە لە رۆژنامەكە بووە، دەڵێت جلوبەرگەكەیان هی (عصائب الحق) بووە، كە ئەوانە چەكداری سەر بە نوری مالیكین”، وتیشی “وەزارەتی ناوخۆی عێراقیمان ئاگادار كردۆتەوە، تا ئێستا لێكۆڵینەوە دەكەن و بەردەوامن لەو لێكۆڵینەوەكانیان”.
ئەو سەرنووسەرە ئاماژەی بەوەیشدا، كە وەك هەڵوێست وەرگرتن سبەینێ رۆژنامەكە دەرناچێت و چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان و وەڵامی حكومەتی عێراقی دەكەن، لەسەر ئەو كارە، هەروەها وتیشی “من نازانم رۆژنامەكە لە داهاتوودا دەردەچێت یان نا، چونكە رۆژنامەكە هی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بڕیاری دەرچوونی لای ئەوانە”.