نوچە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە توویتێکدا، کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە 07-05-2020) بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی “پیرۆزبایی له بهڕێز مستهفا کازمی دهکهم بۆ پهسهندکردنی کابینهکهی، هیوای سهرکهوتنی بۆ دهخوازم. هیوادارم حکومهتهکهی بتوانێت ئارامی، سهقامگیری، خزمهتگوزاری و پێشکهوتن بۆ وڵات و ماف و داوا رهواکانی گهلی عێراق و مافه دهستوورییهکانی ههرێمی کوردستان بگێڕێنێتەوە”.
رۆژی 08-04-2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەربژێرکردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و داوای لە هەموو لایەک کرد پشتیوانی بكەن تاوەکو بە زووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكومەت تەواو بكات.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کابینەکەی مستەفا کازمی پەسندکرا و وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق متمانەی پێدرا، لە توویتێکیشیدا بە زمانی کوردی دوای هەڵبژاردنی، کازمی رایگەیاند، “بێ راوەستان کاردەکەم بۆ بەدەستهێنانى بڕواى گەلەکەم”.
پەرلەمانی عێراق بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی متمانەی بە حکومەتی نوێ بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی بەخشی و لە کۆی 22 وەزیر، 15 وەزیر متمانەی پەرلەمانیان پێدرا. لە کۆبوونەوەکەیدا بەربژێرانی بۆ وەزارەتەکانی داد، کۆچ و کۆچبەران، بازرگانی، رۆشنبیری و کشتوکاڵی رەتکردەوە. لەکاتێکدا بەربژێران بۆ وەزارەتەکانی نەوت و دەرەوە هێشتا دەنگیان لەسەر نەدراوە.