بەم نزیکانە پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

0

نوچە

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، شەممەی داهاتوو پارتی و یەکێتی لە بارەگای سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە. دەشڵێت ”ئەگەر بێینە سەر حەقیقەت هەولێر زیاتر پێویستی بە لامەرکەزییەت هەیە”.

ئەمڕۆ (سێشەممە 05-05-2020)، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی پارێزگاری هەولێری کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ لە نزیکەوە سوپاسی پارێزگاری هەولێر، جێگری پارێزگار و قایمقام و هەموو تیمەکانمان کرد، لەبەرامبەر ئەو رێکارانەی لە ماوەی رابردوودا گرتبوویانەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ئێمە وەکو پارتی سەرفرازین بە تیمی حکومەت و کارێکی باشیان کردووە و بەرهەمی کارەکانیشیان دیارە”.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت، بەپێچەوانەی وڵاتانی دەرەوە حکومەتی ئێمە دەستپێشخەربوو لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ئومێدەوارین کارکردنی حکومەت بەم جیدییەوە بەردەوام بێت و هاوڵاتیانیش پاڵپشتی حکومەت بکەن، چونکە حکومەت هی خەڵکە و سەرکەوتنی حکومەت سەرکەوتنێکە بۆ خەڵكەکە.

فازڵ میرانی داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات “خیلافاتی سیاسی خۆیان چارەسەربکەن و نەیهێننە نێو حکومەت، چونکە حکومەت و پەرلەمان هی هەموویانە. هەروەها ئەوەی لە حکومەت نەبێت لەنێو پەرلەماندایە”.

فازڵ میرانی سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی گوتی، شەممەی داهاتوو ( 09-05-2020) کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە بارەگای جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت.

سەبارەت بە لامەرکەزییەتی سلێمانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی “ئەو برادەرانەی سلێمانی لیژنەیەکیان لە شارەزاکانیان دروستکردووە بۆ ئامادەکردنی پرۆژەی لامەرکەزییەت، بێگومان هەر شتێک لە هەر پارێزگایەک ئامادەبکرێتەوە دەبێت بێتەوە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەگەر پێویستیشی بە یاسا بێت دەبێت بچێتە پەرلەمان، چونکە چەند ساڵە فیدراڵییەتی ئێمە بە یاسا بەڕێوەدەچێت و یاساکانیش لە پەرلەمان بەڕێودەچێت. چونکە ناتوانی شتێک دروستبکەیەوە بە پێچەوانەی ئەو یاسایە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ یاساکە و ئێمەش چاوەڕێی ئەوە دەکەین”.

فازڵ میرانی دەشڵێت “ئەگەر بێینە سەر حەقیقەت هەولێر زیاتر پێویستی بە لامەرکەزییەت هەیە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com