لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژەی لامەرکەزی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامدا

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژەی لامەرکەزی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەکەم کۆوونەوەیان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٦-٤-٢٠٢٠ ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە بە سەرپەرشتى ئازاد محەممەد ئەمین، سەرۆکى ئەنجومەنەکە و جێگر و سکرتێرى ئەنجومەن و سەرۆکى فراکسیۆنەکان بەڕێوەچوو، داواکاریی بۆ لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی کرایە داواکارییەکی فەرمی و بڕیاردرا لیژنەیەکى کاتی، کە نوێنەرى هەموو فراکسیۆنەکانى تێدابێت بۆ پێکبهێنرێت.    

لە لیدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئەنوەر تاهیر، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی پڕۆژەی لامەرکەزی سلێمانی، ڕایگەیاند: وەک ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی، پڕۆژەیەکی تێر و تەسەلمان ئامادەکردووە و ئەو لیژنەیەی، کە بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەکە پێکهێندرابوو دوێنێ  کۆبوونەوەی یەکەمیان کردووە و پڕۆژەکە گەڵاڵە دەکرێت، دواتر دەنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە ئومێدی ئەوەی، کە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سیستەمی لامەرکەزیەت پەیڕە و بکرێت، بەتایبەت لامەرکەزی دارایی. 

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تائێستا چوار پڕۆژەی تری هاوشێوەمان ئامادەکردووە و ناردوومانە بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دەشڵێت “لەئەنجامی کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و ئەوەی، کە حکومەتی هەرێم ناتوانێت موچە دابین بکات و پڕۆژە خزمەتگوزاریییەکان پێشکەش بکات، ئەو ماوەی ٣٠ ساڵە سیستەمی مەرکەزیەت پەیڕە و دەکرێت لە بڕیاردان، دارایی و کارگێڕی، لەم قۆناغەدا پێمان باشە، کە سیستەمی لامەرکەزی پەیڕە و بکرێت، وەک چۆن لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو پەیڕەو دەکرێت”. 

ئەنوەر تاهیر گوتیشی “ئێمە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بێگومان قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانمان لا مەبەستە و خۆشمان بە خاوەنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم دەزانین، ئەم سیستەمە سیستەمێکی نوێ نییە و لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو پەیڕەو دەکرێت، سیستەمی لامەرکەزی دارایی پێگەی حکومەتی هەرێم بەهێزتر دەکات و دەرفەتی زیاتر دەدات بە حکومەت، سەرۆکی حکومەت و ستافەکەی، کە بیر لە پلان و ستراتیجی زیاتر بکەنەوە و سەرقاڵ نەبن”.   

سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونیکردەوە “سیستەمی لامەرکەزی پێدانی بەشێک لەدەسەڵاتەکانە و پارێزگاکان ڕۆڵیان پێدەدرێت، بۆئەوەی بتوانن دارایی بۆ حکومەتی هەرێم زیاد بکەن، بتوانن پڕۆژەی خزمەتگوزاری بگەیەنن بە هاوڵاتیانی پارێزگاکە، بەپێچەوانەوە سیستەمی مەرکەزی ڕۆتینی بۆ حکومەت زیاد کردووە، سەرۆکی حکومەت و کابینە وزارییەکە بە کۆمەڵێک پرسەوە سەرقاڵن، کە لە بنەڕەتدا کاری ئەوان نییە”.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕاشیگەیاند “لە ئێستادا ئەو سیستەمە مەرکەزییەی، کە هەیە بەبڕوای ئێمە ڕێگرە، چاوەڕێ دەکەین حکومەتی هەرێم سیستەمی لامەرکەزی بچەسپێنێت بۆ ئەوەی چی دیکە ڕۆتینات نەمێنێت، لامەرکەزیەتی ئیداری و دارایی، شەفافیەت زیاتر دەکات، متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و حکومەت زیاد دەکات”.            

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com