نامەیەک لە عێراق پشێوی دروست دەکات

0

نوچە: ئاژانسەکان

دوای ئەوەی نامەیەك بەناوی ماسیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق بڵاوبووەوە بەوهۆیەوە شپرزەیی لەنێو سەركردە عیراقییەكاندا دروستکردووە. نوری مالیكی-یش دەڵێت “ئەگەر نامەكە راست بێت ئەوا عیراق پیاوی تێدایە بتوانن رێگە نەدەن دەستوەردان بكرێت”.

لەنامە بڵاوكراوەكەدا، کە ئاڕاستەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و چەند سەركردە و پەرلەمانتارێكی كراوە و هاتووە “ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێویستی زۆر و گەورەی بە پێكهێنانی حكومەتەكەی مستەفا كازمی هەیە، بۆیە پێویستە هەر خاڵێكی لاواز پشتگوێ بخرێت و تەنازول بكرێت لە دیاریكردنی وەزیرەكان بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتە خراپەكانی وڵات”.

باس لەوەشكراوە، حكومەتی كاربەڕێكەری عادل عەبدولمەهدی، توشی ئیفلیجی بووە و توانای ئەوەی نییە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بكات، كە عیراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە ئەمریكا وەك هاوڕێ و هاوبەشی عیراق لە ماوەی ١٧ ساڵدا، هەست بە دوودڵیەكی زۆر دەكات بەهۆی ئەو پێشهاتە خراپ و وێرانكەرانەی بەسەر دەوڵەتی عیراقدا دێت، ئەگەر حكومەتەكەی مستەفا كازمی تێنەپەڕێنرێت، ئەگەر حكومەتەكە پێكهێنرا ئەوا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ هاوكاریكردنی عیراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی كێشەكانی داهاتوو.

سەبارەت بە نامەكەش، نوری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە “نامەیەكیان لە لایەنێكەوە پێگەیشتووە، کە بانگەشەی ئەوەدەكات سەربە باڵیۆزخانەی ئەمریكایە، ئەگەر نامەكە ساختە بوو ئەوا دەیخەینە تەنەكەی خۆڵەوە، بەڵام ئەگەر راست بێت ئەوا عیراق پیاوانێكی تێدایە بەرژەوەندییەكانی عیراق و گەلەكەی لەبەرچاو دەگرن و رازی نابن دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆماندا بكرێت، هەروەها ئەوە یەكێك نییە لە ئەركەكانی باڵیۆزێكی دیپلۆماسی”.

ئەو نامەیە لەكاتێكدایە، دەوڵەتی یاسا یەكێكە لەو فراكسیۆنانەی رەتیدەكاتەوە دەنگ بە حكومەتەكەی مستەفا كازمی بدات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com