نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دانیشتنەکانی شاندی هەرێم و بەغدا بەردەوام دەبێت تا دەگەنە چارەسەرێکی ستراتیژی درێژخایەن.
دەربارەی پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی کوردستان، دووجار شاندی حکومەتی هەرێم چوونەتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی عێراق و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق گفتوگۆیان کردووە، بڕیارە جارێکی دیکەش شاندەکەی هەرێم بچێتەوە بەغدا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. مەیادە محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە گفتوگۆیەکانی شاندی هەرێم و بەغدا، ڕایگەیاند: ئەو کێشانەی لە نێوان هەرێم و بەغدایە، چەندین مەلەفی جیاوازە وەک پرسی موچە، نەوت و گاز، ماددەی ١٤٠ و پێشمەرگە، ئەمانەش بە دانیشتنێک و دوو دانیشتن چارەسەر ناکرێن؛ وەفدەکەی هەرێم دووجار سەردانی بەغدایان کردووە و دانیشتنەکانیش تا ئێستا ئەرێنی بووە.
مەیادە محەمەد دەڵێت “دانیشتنەکانی شاندی حکومەتی هەرێم و بەغدا بەردەوام دەبێت تا دەگەنە چارەسەرێکی ستراتیژی درێژ خایەن. هەروەها کار لەسەر ئەوە دەکرێت ڕێککەوتنەکان لەسەر میزاجی کەسی نەبێت، بۆئەوەی ئەگەر سەرۆک وەزیرانێک گۆڕدرا ڕێککەوتنەکە هەڵنەوەشێتەوە، هەروەک لەگەڵ حکومەتی ئێستا و حکومەتەکانی پێشوودا کراوە”.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی “تا ئێستا ڕیککەوتنەکان، بەو شێوەیەن کە بۆ ئەم مانگە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو لە بەغداوە ڕەوانە بکرێت، ئەگەر هەمووشی نەبێت ئەوا بەشێکی ڕەوانە بکرێت و بەشەکەی دیکە حکومەتی هەرێم خۆی دابینی بکات، هەر کاتێک حکومەتی نوێی عێراقیش پێکهێندرا و پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانەوە پەسەندکرا، ئەوا هەرێم و بەغدا ڕێککەوتنێکی نوێ ئەنجامدەدەن”.