راگەیێندراوی سەرۆكايه‌تی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشەکەی داعش

0

نوچە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی داعش لە پارێزگای سەلاحەدین بە ئاماژەیەکی ترسناکی فراوانبوونەوەی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەو رێکخراوە ناودەبات و بەپێویستی دەزانێت هەرچی زووترە كێشە و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی عێراق چارەسەر بكرێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە (2-5-2020) چەکدارانی داعش لە پارێزگای سەلاحەدین هێرشێکی فراوانیان کردەسەر چەکدارانی حەشدی شەعبی. بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی، هێرشەکەی داعش لە چەند میحوەرێکی جیاجیا لەوانە: مکێشفییە، تەل زەهەب، یەسریب، متیبیجە و ئەلدوور لە دەوروبەری سامەڕا بووە و زیاتر لە 10 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و ژمارەیەکی زۆرتریش بریندار بوون.

لە راگەیێندراوێكدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، “پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەی مكێشیفەی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، كە ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی عێراقى تيادا بوونه‌ قوربانى”، بە تووندی ئیدانە دەكات.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان “ئەم پەلامارە و هێرشەكانی دیكەی ئەم دواییەی تیرۆریستان”، بە ئاماژەی “ترسناكی فروانبوونەوەی مەترسی و جموجۆڵە سەربازییەكانی داعش” ناودەبات و هه‌روه‌ها پێیوایە “زەنگێكی دیكەی بەئاگاهێنانەوەی هەموو لایەكمانە و بەڵگەی قۆستنەوەی هەلومەرجی نالەباری عێراقە لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ دووبارە خۆڕێكخستەنەوە و ئەنجامدانی پەلاماری فراوانتر”.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت “لە كاتێكدا سڵاو بۆ گیانی قوربانييان دەنێرین، هاوخەمی بۆ كەسوكاریان دەردەبڕین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، دووپاتيشى دەكەینەوە، كە رەوشەكە وا دەخوازێ هەرچی زووترە كێشە و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی عێراق چارەسەر بكرێن و پێكەوە بەرەنگاری هەڕەشەی جددی سەرهەڵدانەوە و تەشەنەسەندنی تیرۆر ببینەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com